وادەی سەردانی تاڵەبانی بۆ ئێران ئاشکرا دەبێت

 وادەی سەردانی تاڵەبانی بۆ ئێران ئاشکرا دەبێت
وادەی سەردانی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاشکرا دەبێت.

ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتی لە راگەیاندنی سکرتاریەتی سکرتێری گشتییەوە گواستوویەتییەوە، کە جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی رۆژی یەکشەممە 9.7.2017 لە سلێمانییەوە بەرەو تاران بەڕێ دەکەوێت.

هەروەک سکرتاریەتی تاڵەبانی بڵاوی کردووەتەوە، سەردانەکە ”دۆستانەیە“، لەسەر بانگهێشتی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و ”چەند رۆژێک“ لەو شارە دەمێنیتەوە.

پێشتر برازایەکی رایگەیاندبوو، کە جەلال تاڵەبانی سەردانی چەند دۆستێکی لە تاران دەکات، کە “ئەوان ناتوانن سەردانی کوردستان بکەن”.

جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتیی یەکێتی، لە بەرواری 17.12.2012 لە بەغدا تووشی جەڵتەی مێشک بوو و گەیەندرایە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا و ئێستا لە سلێمانی دادەنیشێت، بەڵام وەک بەرپرسانی حزبەکەی رایدەگەیەنن، توانای ئەنجامدانی کاری سیاسی نەماوە.










باسنیوز
Top