مامۆستایەکی زانکۆ: بارزانی لە برۆکسل سێ تەوەرە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە باس دەکات

 مامۆستایەکی زانکۆ: بارزانی لە برۆکسل سێ تەوەرە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە باس دەکات
لەبارەی گرنگیی سەرانی بارزانی بۆ برۆکسل مامۆستایەکی زانکۆ لە فەرەنسا دەڵێت: "بارزانی چەند پرسێکی گرنگ باس دەکات لەوانە پرسی ریفراندۆم و چارەنووسی گەلی کوردستان و پێشوەختە ئامادەکاری بۆ سەردانەکە کراوە".



د.کاوە شاوڵی، مامۆستای زانکۆ، گوتی: بڕیارە بەم نزیکانە سەرۆک بارزانی سەردانی برۆکسل بکات و لەو سەردانەدا سێ تەوەرەی سەرەکی باس دەکرێت، یەکەم پرسی کۆتایی هاتنی داعش و دوای تەواوبوونی داعش کوردستان چی دەکات؟ بەتایبەت پرسی ئیدارەکردنی مووسڵی دوای داعش زۆر گرنگە، خاڵی دووەم، پرسی ریفراندۆم لەگەڵ دەسەڵاتدارانی برۆکسل باس دەکات و شێوە و قۆناغ و ئامانجەکانی ڕوون دەکاتەوە، خاڵی سێییەم، لە ئەگەری بڕیاری گەلی کوردستاندا دەبێت دەسەڵاتدارانی ئەورووپا رێز لە ئیرادە و ویستی خەڵکی کوردستان بگرن".



گوتیشی: "پێش سەردانی سەرۆک بارزانی شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە برۆکسل بوون، لەوێ دیدار و کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە، ئێستاش سەرۆک بارزانی کە دێت پێشوەختە ئامادەکاری کراوە و بەناوی گەلی کوردستانیشەوە بارزانی پەیامی تازەی پێیە و بڕیارە کەسی یەکەمی وڵاتان ببینێت دوای برۆکسل رەنگە بارزانی چەند وڵاتێکی دیکە بکات".



ئەوەشی خستەڕوو "ڕۆژی9/25 2017/ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی کوردستانە و ئەم ڕۆژە زۆر گرنگە کە سەرۆک بارزانی بە جیهانی رادەگەیەنێت کە لەو ڕۆژەدا گەلی کوردستان بڕیاری خۆی دەدات. و بارزانی پەیامی گەلی کوردستانی پێیە، سەردانی بەلجیکاش زۆر گرنگە، چونکە پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپای لێیە ناوەندی بڕیاری ئەورووپایە".





باسنيوز
Top