پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو قسە بڵاونەکراوەکانی کۆبوونەوەکەی عەمار حەکیم ئاشکرا دەکات

 پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو قسە بڵاونەکراوەکانی کۆبوونەوەکەی عەمار حەکیم ئاشکرا دەکات
ەرلەمانتارێکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان قسە بڵاو نەکراوەکانی سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری چوار حزبی کوردستان، ئاشکرا دەکات.



رۆژی شەممە 8.7.2017، فراکسیۆنی حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی، (پارتی ئامادە نەبوو بەشداریی کۆبوونەوەکە بکات)، لە شاری بەغدا لەگەڵ عەمار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەکان کۆ بوونەوە.



موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لەلاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی ئاشکرا کردووە.



هەروەک موسەننا ئەمین نووسیویەتی، عەمار حەکیم لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە رایگەیاندووە، نە عێراق، نە ئێران و نە تورکیا ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان قبوڵ ناکەن.



سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەکان هەڕەشەی لە گەلی کوردستان کردووە و گوتویەتی، ئەگەر کوردستان ریفراندۆم ئەنجام بدات و سەربەخۆیی رابگەیەنێت، ئەوا ئەوان ”ناتوانن شەقامی عەرەبی کۆنتڕۆل بکەن“ ئەگەر هێرش بکەنە سەر کوردستان.



موسەننا ئەمین ئاماژەی بەوەش کردووە، کە نوێنەرانی یەکێتی و گۆڕان وەڵامی هەڕەشەکانی عەمار حەکیمیان نەداوەتەوە، بەڵام ئەو وەک فراکسیۆنی یەکگرتوو، وەڵامی داوەتەوە و رایگەیاندووە، سەربەخۆیی مافی گەلی کوردستانە و ئەو مافە لە ئیسلام، دەستوور و دیموکراسیەتیش سەلمێندراوە.



پێشتر و لە چەندین بۆنەدا، عەمار حەکیم دژایەتیی خۆی بۆ سەربەخۆیی کوردستان و ریفراندۆم راگەیاندووە و کوردستانی بە ئیسرائیلی دووەم ناوزەد کردووە.



پێشتر لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.


باسنیوز
Top