ئەندامێكی كوردی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە: بە هەموو توانامانەوە پشتگیریی ڕیفراندۆم دەکەین

 ئەندامێكی كوردی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە: بە هەموو توانامانەوە پشتگیریی ڕیفراندۆم دەکەین
ئەندامێكی كورد لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە ڕای دەگەیەنێت، كە لە سەداسەد لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی كوردستان.



هۆشیار ئیسماعیل، ئەندامی كورد لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە كە هاوكات ئەندامی مەڵبەندنی خانەقینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیشە، ڕاگەیاند: "لە كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی مەڵبەندی خانەقیندا بڕیار درا كە پشتیوانی لە پرسی ڕیفراندۆم بكرێت بە هەموو توانایەكمانەوە و پێویستە ئەو ڕیفراندۆمە لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت".



ڕاشی گەیاند "لە سەداسەد لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دام بۆ سەربەخۆیی كوردستان، چونكە دۆخی ناوچەكەمان یەكلا دەكاتەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانیش لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكمان دایە".



رۆژی 7/6/2017، لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆ تاوتوێكردنی پرسی ریفراندۆم، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كۆ بووەوە و لەو كۆبونەوەدا بڕیار درا رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆم ئەنجام بدرێت و ئەو ریفراندۆمە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.




باسنیوز
Top