ئەندامێكی كوردی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە: بە هەموو توانامانەوە پشتگیریی ڕیفراندۆم دەکەین
هۆشیار ئیسماعیل، ئەندامی كورد لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە كە هاوكات ئەندامی مەڵبەندنی خانەقینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیشە، ڕاگەیاند: "لە كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی مەڵبەندی خانەقیندا بڕیار درا كە پشتیوانی لە پرسی ڕیفراندۆم بكرێت بە هەموو توانایەكمانەوە و پێویستە ئەو ڕیفراندۆمە لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت".
ڕاشی گەیاند "لە سەداسەد لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دام بۆ سەربەخۆیی كوردستان، چونكە دۆخی ناوچەكەمان یەكلا دەكاتەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانیش لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكمان دایە".
رۆژی 7/6/2017، لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆ تاوتوێكردنی پرسی ریفراندۆم، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كۆ بووەوە و لەو كۆبونەوەدا بڕیار درا رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆم ئەنجام بدرێت و ئەو ریفراندۆمە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.
باسنیوز
