مەکگۆرک: رێز لە خواستی خەڵکی کوردستان دەگرین

 مەکگۆرک: رێز لە خواستی خەڵکی کوردستان دەگرین
نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی رێز لە خواستی خەڵکی باشووری کوردستان دەگرێت.



بەپێی راگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، ئێوارەی رۆژی شەممە 8.7.2017، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ برێت مەکگۆرک، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش کۆ بووەتەوە.



لە کۆبوونەوەکەدا، برێت مەکگۆرگ لەبارەی ریفراندۆنی سەربەخۆیی کوردستانەوە رایگەیاندووە، وڵاتەکەی ”تێبینیی لەسەر وادەی پرۆسەکە هەیە، بەڵام رێز لە خواستی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگرێت“.



نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش ستایشی قارەمانێتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی لە شەڕی دژی داعش کردووە و داوای کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ”دیالۆگ و گفتوگۆیەکی جددی دەست پێ بکات“.



هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی وێڕای سەردان و هاوکارییە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ کوردستان و پێشمەرگە، رایگەیاندووە، کوردستان ئامادەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، گفتوگۆ لەگەڵ عێراق بکات.



سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ریفراندۆمی بە مافی رەوای خەڵکی کوردستان زانیوە، کە ”خەبات و تێکۆشان و قوربانییەکی زۆری بۆ ئەم مەبەستە داوە“‌ و رایگەیاندووە، حکوومەتی عێراق ”چەندین ساڵە دەستووری جێبەجێ نەکردووە“




باسنيوز
Top