كۆمپانیایەكی ئەمەریكی دان بە ئاودیوكردنی شوێنەواری عێراقدا دەنێ

كۆمپانیایەكی ئەمەریكی دان بە ئاودیوكردنی شوێنەواری عێراقدا دەنێ
كۆمپانیای زنجیرە ماركێتەكانی "هۆبی لۆبی" ئەمەریكی كە تایبەتمەندە بە كاروباری فرۆشتنی كاری هونەری و پارچەی ئەنتیك، لەبەردەم دادگادا دانی بەوە داوە كە بە هەڵە پارچەی شوێنەواری عێراقیان كڕیوە، دواتر دەركەوتووە لە ڕێگەی ئیماراتەوە ئاودیو كراوە.


ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لە زاری بەرپرسانی ئەمەریكی بڵاوكردووەتەوە كە كۆمپانیا ئەمەریكیەكە سەدان پارچەی لەسەر شوێنەوارە ئاودیوكراوەكانی عێراق دروست كردووەتەوە و خستوویانەتە بازاڕەوە، لەوانەش پارچەیەكی پەیوەندیدار بە دروشمەكانی ئاینی مەسیحیە و بۆ مۆزەخانەی ئینجیل لە ئەمەریكا دروست كراوە.


لەمبارەوە وەزارەتی دادی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بە دان پێدانانی كۆمپانیاكە كردووە و رایگەیاندووە كە 5500 پارچە شوێنەوار لەلایەن كۆمپانیاكەوە كڕدراون، مێژوویان بۆ عێراق دەگەڕێتەوە، لەژێر زانیاری ساختەكراوەوە بار كراون. هەروەها كۆمپانیاكە بەم هۆیەوە بە برێ سێ ملیۆن دۆلار سزا دراوە.


ئەم پرسە لە ئەمەریكا دەنگدانەوەی زۆری هەبووە و ئێستە پەنجەی گومان بۆ ئەوە رادەكێشرێ كە خاوەنی ئەم كۆمپانیایە لەم ڕێگەیەوە هاوكاری دارایی داعشی كردبێ، چونكە گومان دەكرێ تەواوی پارچە شوێنەوارییەكان لەلایەن داعشەوە لە مووسڵ و شارەكانی ترەوە دزرابن و رەوانەی دەرەوە كرابن، بۆ پەیداكردنی پشتیوانی دارایی بەم كۆمپانیا فرۆشرابنەوە.
bas news-
Top