دیپلۆماتكارێكی ئەمریكا: خۆمان بۆ كەوتنی رژێمی ئێران ئامادە دەكەین

دیپلۆماتكارێكی ئەمریكا: خۆمان بۆ كەوتنی رژێمی ئێران ئامادە دەكەین
ڕێی تێكی ئەندامی باڵای كۆمیتەی لێكۆڵینەوەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆنگرێسی ئەمەریكا وتارێكی لە رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمەریكیدا بڵاوكردووەتەوە، تیایدا دەڵێ دەبێ خۆمان بۆ كاتی كەوتنی رژێمی ئێران ئامادە بكەین.


تێكی وەك ئاماژەیەك بۆ روونكردنەوەكانی رێكس تیلەسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە دوایین كۆبوونەوەی كۆنگرێس، نووسیویەتی كە وتەكانی تیلەسن لۆژیكیین، كە رایگەیاندبوو سیاسەتی ئێمە لەبارەی ئێرانەوە، بەرگری لە هۆكارەكانی ناوخۆی وڵاتە تاكو بە لوتكەی هێز بگات.


نووسەرەكە دەشڵێ سەرەڕای ئەوەی تیلەسن روونی نەكردەوە كە مەبەستی لە هۆكاری ناوخۆیی وڵات و لوتكەی هێز چیە، بەڵام كاردانەوەی توندی سەركردەكانی ئێرانی لێ كەوتووەتەوە.


تێكی ئەوەشی راگەیاندووە كە ماوەیەكی درێژە ئەمەریكا هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای هێزە چالاكەكان و نانەوەی دیموكراسی لە وڵاتان، خەڵكی ئێرانیش بۆ چەندین ساڵە لەژێر دەسەڵاتی خامەنەیی گیرۆدە بوون و دەبێت ئەمەریكا بۆ گۆڕینی دەسەڵات لەو وڵاتە ئامادە بێت، واتە دەتوانین ناوی بنێین رووخاندنی رژێم.


ڕێی تێكی لە كۆتاییدا دەنووسێ "رژێمی ئێران وەك یەكێتی سۆڤیەتی پێشووی لێ هاتووە و لە ڕۆژانی دوای تەمەنیدایە، ناوەندە زانستییەكانی ئایینی قومیش لەو باوەڕەدان كە دەسەڵاتەكەی خامەنەیی زیانی زۆری بە ئیسلام گەیاندووە".
bas news-
Top