(رۆیتەرز): بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی فیدراڵی لە عێراق شكستی هێنا

(رۆیتەرز): بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی فیدراڵی لە عێراق شكستی هێنا



ئەمڕۆ شەممە ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) راپۆرتێكی لەبارەی نزیكبوونەوەی كۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنەوەی موسڵ و داهاتووی عێراق لە دوای داعش بڵاوكردووەتەوە، تیایدا ئاماژەی داوە سیستەمی فیدراڵی لە عێراق شكستی هێناوە و داهاتووی وڵاتەكە لێڵە.


لە راپۆرتەكەی (رۆیتەرز)دا هاتووە كە شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ لە دوایین قۆناخەكانیدایە و وێڕای وێرانیی شارەكە، دەسەڵاتدارانی عێراق هیچ پلانێكیان بۆ شارەكە نییە و هاوكات ململانێكان بۆ چۆنیەتی مانەوەی عێراق كۆتایی نەهاتووە و كوردیش لە هەوڵەكانی بۆ سەربەخۆیی بەردەوامە.


لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەی رۆیتەرزدا هاتووە كە ئەو دەسەڵاتە فیدراڵیەی كە لەلایەن ئەمەریكا و بەریتانیاوە بۆ بەڕێوەبردنی عێراق داندرا، كە بەسەر سێ پێكهاتەی شیعە، كورد و سوننە دابەش كراوە، شكستی هێناوە و مانەوەی عێراق وەك یەك وڵات بووەتە خەون.


(رۆیتەرز) جەختی كردووەتەوە كە دوای سێ ساڵ لە دەسەڵاتداریی داعش بەسەر شاری مووسڵدا، سەركردەكانی عێراق تا ئێستە هیچ پلانێكیان بۆ ئەو شارە وێرانە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ چەند جارێك مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای كردووە كە دەبێت پلانێك بۆ مووسڵی دوای داعش هەبێت.


لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا هاتووە كە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە لە 25ی ئەیلوول ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەكات كە ئەمەش پرسێكی دیكەیە بۆ بەغدا .


(رۆیتەرز) باس لەوە دەكات كە ئێران هەژموونی خۆی بەسەر جومگە سەرەكییەكانی عێراقدا سەپاندووە و لە رێگەی بەكارهێنانی میلیشیا شیعەكانی وەك حەشدی شەعبی، خۆی لە ناوچە كوردییەكان نزیك كردووەتەوە و رێڕەوێكی بە درێژایی سنوور تا دەگاتە سووریا دروست كردووە كە عەلی ئەكبەر ویلایەتی، راوێژكاری خامنەئیش ئەوەی باس كردووە و وەك رێگەیەكی بەرگری لە تارانەوە كە بە مووسڵ و دیمەشقدا تێدەپەڕێت و لە بەیروت كۆتایی دێت، وەسف كردووە.

bas news-
Top