داعش وەك دوا هەوڵ خانووەكانی گەڕەكێكی مووسڵ دەتەقێنێتەوە

داعش وەك دوا هەوڵ خانووەكانی گەڕەكێكی مووسڵ دەتەقێنێتەوە
ئەمڕۆ شەممە فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی رایگەیاند چەكدارەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆ تۆڵەسەندنەوە، دەستیان كردووە بە بۆمبڕێژكردنی چەند خانووێكی گەڕەكی مووسڵی كۆن و دواتر بەسەر هەزاران خەڵكی سیڤیلیاندا تەقاندووەتەوە.


شاكر جەودەت فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی كردەوە داعش پێش ئەوەی بەیەكجاری لە مووسڵ بشكێت، دەستی بە تەقینەوەی ماڵەكانی گەرەكی نەجەفی كرد لە لای راستی مووسڵ.


گوتیشی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی بە پەلە خۆیان گەیاندووەتە ناوچەكە، بۆ ئەوەی فریای خەڵكی سیڤیل بكەون و لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەكان دەریانبێنن.


ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی 2014وە دەستی بەسەر مووسڵدا گرتووە، ئێستە لە رۆژەكانی كۆتایی دەسەڵاتیدایە بەسەر ئەو شارەدا و چاوەڕوان دەكرێ لە ماوەیەكی كورتدا شارەكە بە تەواوی پاك بكرێتەوە.
bas news-
Top