''ریفڕاندۆمی ھەرێمی كوردستان لە قۆناغی شەرعیەتدان دەرباز بووە''
دكتۆر (عومەر نوورەدینی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لە جیھاندا بە ھەردوو شێوەی پەرلەمانی و لەنێو خەڵكدا، ریفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دراوە و نموونەیش لە بەردەستن، لەبەر ئەوە دەكرێ بەبێ بڕیاری پەرلەمانی كوردستانیش ریفڕاندۆم لە ھەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت و، دەشكرێ لە پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدرێت، بەڵام ئەگەر باسی شەرعیبوونی پڕۆسەكە بكەین، ئەوە ھیچ گومانی تێدا نییە بڕیاری لایەنە سیاسییەكانی كوردستان شەرعیەتی یاسایی ھەیە و دەتوانن بەو بڕیارە ریفڕاندۆم بكرێت، چونكە ئەو پارت و لایەنانەی ئامادهی كۆبوونەوەی 7ی حوزەیران بوون، ھەموویان بەشدارن لە پەرلەماندا و زۆربەی ھاووڵاتیان لە ھەڵبژاردنی رابردوو دەنگیان بەو پارتە سیاسیانە داوە بۆ ئەوەی نوێنەریان بن و نزیكەی ھەشتا كورسیی پەرلەمانییان ھەیە."
(نوورەدینی) ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، "كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان ھیچ پەیوەندییەكی بە شەرعییەتدان بە ریفڕاندۆمەوە نییە، تەنھا بۆ كۆدەنگییە لەبارەی پڕۆسەی ریفڕاندۆمەوە و، داخوازیی دوو لایەنی سیاسی ئەوەیە پەرلەمان كارا بكرێتەوە ئینجا بەشداری پڕۆسەكە دەكەن، ریفڕاندۆم ھیچ كێشەی یاسایی نییە، بەڵكوو كاراكردنەوەی پەرلەمان زیاتر بۆ ئەوەیە ھەموو حزبەكان بەشدار بن و رێژەیەكی زیاتری ھاووڵاتیان بەشداری لە ریفڕاندۆمدا بكەن".
kdp-
