لیوا ھاشم: بە ھۆی بوونی پەكەكەوه، زیاتر لە ٣٠ كەس لە شنگال كوژراون

 	 لیوا ھاشم: بە ھۆی بوونی پەكەكەوه، زیاتر لە ٣٠ كەس لە شنگال كوژراون
فەرماندەیەكی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال دەڵێت، تاوەكو پەكەكە لە شنگال بێت، مەترسی لەسەر خەڵكی شنگال بەردەوام دەبێت و ئارامی و سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێت، چونكە لەوەتەی شنگال رزگار كراوە، لەو ناوچانەی پەكەكەی لێیە زیاتر لە ٣٠ كەس كوژراون.

لیوا (ھاشم سیتەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "بە ھۆی بوونی پەكەكە لە شنگال، خەڵكی تووشی ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر بووە، بە جۆرێك فڕۆكەیەكی ھاوپەیمانان بەسەر چیای شنگالدا دەڕوات و ھەست دەكەن ھاتووە پەكەكە بۆردوومان بكات، بۆیە ئەمەیش وای كردووە خەڵك ترسیان ھەیە بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، ئەگەر نا ئێمە دەزانین گەر پەكەكە نەبێت توركیا شنگال بۆردوومان ناكات".

(سیتەیی) گوتیشی، "تاوەكو پەكەكە لە شنگال بێت، ئارامی و سەقامگیری نابێت، چونكە بازگە دادەنێنەوە و ئۆتۆمبێلی بێژمارەیان ھەیە و خەڵك بێزار دەكەن، جگە لەوەیش تاوەكو ئێستا لەو ناوچانەی ئەوانی لێین، زیاتر لە ٣٠ كەس كوژراون، لە كاتێكدا لە ناوچەكانی دیكە ھیچ كەسێك نەكوژراوە، بۆیە ھەمووی ھۆكارەكەی پەكەكەیە".

دەشڵێت، پێویستە پەلە بكرێت لە دەركردنی پەكەكە، بۆ ئەوەی شنگال ئاوەدان بكرێتەوە و خەڵكیش لە ترس و دڵەڕاوكێ رزگاری بێت و ئارامی و سەقامگیرییش بۆ شنگال بگەڕێتەوە.
kdp-
Top