هاوکار مەحموود: لە چەند ڕۆژی دابێدا شاندی ڕیفراندۆم سەردانی یەکێتیی ئەورووپا دەکات
ئەمڕۆ لە پیرمام یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی (مەسعوود بارزانی)، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەشداریی نوێنەری پارتە سیاسی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی ئەندام لەو ئەنجومەنەدا بەڕێوە چوو. (ھاوکار مەحموود)، ئەندامی لیژنەی ڕیفراندۆم لەبارەی کۆبوونەوەکە و دروستبوونی لیژنەکانەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە دوای کۆبوونەوەی یەکەم، ئەمڕۆ کۆمیتەی ڕیفراندۆم دووەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا و لەم کۆبوونەوەیەدا چەندین لیژنەی گرینگ دروست کران، لەوانە کۆمیتەی ڕاگەیاندن و کۆمیتەی یاسا و ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمسیۆن و کۆمیتەی ئابووری و پێکھێنانی چەند وەفدێک بۆ سەردانی یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی دەوروبەر، چونکە یەکێتیی ئەورووپا خۆی داوای کردبوو لیژنەیەکی فەرمیی ھەرێم سەردانی ئەوان بکات و جگە لەوەش، سکرتاریەتێک دروست دەکرێت بۆ ڕاپەراندنی کاروباری کۆمیتەکان، گوتەبێژێکیش بۆ لیژنەکە دیاری دەکرێت.
(ھاوکار مەحمود) گوتی: ''ئەو کۆمیتە و شاندانەی دروست دەکرێن، دەکرێ کەسانی بێلایەن و پسپۆڕ بن و دەکرێ کەسانی حزبیشی تێدا بەشدار بێت، چونکە ڕیفراندۆم ھی ھەموو خەڵکی کوردستانە، بۆیە دەکرێ سوود لەو خەڵکەش وەرگرن.''
(ھاوکار مەحمود) دەڵێت: ''لە سبەیەوە دەست دەکرێت بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە و لە چەند ڕۆژی دابێدا وەفدی ھەرێم بۆ یەکێتیی ئەورووپا ئامادە بێت و سەردانەکە ئەنجام بدات.''
(مەحموود) ڕوونیشی کردەوە: ''نوێنەری ھەموو ئەو لایەن و پێکھاتانەی لە کۆبوونەوەی بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا بەشدار بوون، لەم کۆبوونەوەیەشدا بەشدار بوون، جگە لە گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی، بەڵام باس لەوە کرا کە ھەوڵ دەدرێت ئەوانیش ڕازی بکرێن، بۆ ئەوەی بەشداری بکەن و بایکۆت بشکێنن.''
kdp-
