ئەوقاف: بۆ هەشت ئایین لە هەرێمی کوردستان ڕێنمایی ڕیفراندۆم دەردەکەین

ئەوقاف: بۆ هەشت ئایین لە هەرێمی کوردستان ڕێنمایی ڕیفراندۆم دەردەکەین
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بڕیارە چەندین ڕێنمایی بۆ ھەموو ناوەندە ئایینییەکانی ھەرێمی کوردستان دەربارەی ڕیفراندۆم دیاری بکەن، کە ڕیفراندۆم ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئایینییە.


بڕیارە لە ٢٥-٩ی ئەمساڵدا ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت و ئێستاش وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەیەوێت بۆ ناوەندە ئایینییەکان لە هەرێمی کوردستاندا ڕێنمایی ڕیفراندۆم دەربکات.

(نەبەز ئیسماعیل) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیار وایە لە داھاتوویەکی نیزیکدا چەندین ڕێنمایی دەربارەی پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستاندا دەربکرێت، بۆ ناوەندە ئایینییەکانی ھەرێم، کە ھەشت ئایین لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و، زۆرترینیشیان ئایینی ئیسلامە، بۆیە دەمانەوێت لە مزگەوت و کلێساکان و شوێنەکانی دیکەی ئایینی باس لەوە بکرێت، کە ڕیفراندۆم مافێکی سەرتاییی گەلی کوردە و مافی خۆیەتی ببێتە خاوەنی کیانی خۆی و بە ''بەڵێ'' پشتگیری لە ڕیفراندۆم بکرێت.''

(نەبەز ئیسماعیل) ڕوونیشی کردەوە: ''ئێمە بە ھەموو شێوەیەک پشتگیری لە پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان دەکەین و بە ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانی و نەتەوەیی دەزانین، بۆیە داواکارین ھەموو خەڵک پشتگیری لە ڕیفراندۆم بکات.''

بڕیارە لە ٢٥/٩ی ئەمساڵدا پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ئەنجام بدرێت.
kdp-
Top