جاف: کوردانی فەیلی دژی مەتڵەبی سکاڵایان پێشکەش کردووە؛ دەبێ دادگایی بکرێت
(سەعد مەتڵەبی)، كە سەر بە دەوڵەتی یاسایە و یەكێكە لە كەسە نیزیكەكانی (نووری مالیكی)، لە بەیاننامەیەكدا داوای كردبوو كوردانی فەیلی لە بەغدا دەربكرێن و ڕەگەزنامەیان لێ بسەندرێتەوە، لە بەرانبەردا کوردانی فەیلی هاتنە دەنگ و بە وەڵامێک بۆ ئەو لێدوانانە گوتیان، ''بەڵێ'' بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان و سکاڵایشیان لە دژی (مەتڵەبی تۆمار کردووە.
سەبارەت بەو بەیاننامەیەی (سەعد مەتڵەبی)، (د. ئەشواق جاف)، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''هەر زوو (عەبادی) و زۆرینەی بەرپرسانی تری عێراق، خۆیان لەو وتانەی (سەعد مەتڵەبی) بێبەری كرد. چونكە ئەو وتانە دژی پێكەوەژیان و دەستووری عێراقە. بە گوێرەی زانیارییەكانمان (مالیكی) و دارو داستەكەی لە پشت ئەم كارانەوەن.''
(جاف) ڕوونی كردەوە: ''(سەعد مەتڵەبی) و ئەوانەیشی قسەی ئەو دووپات دەكەنەوە، بە گوێرەی دەستوور دەبێ دادگایی بكرێن، چونكە ئەمە فیتنەی نەتەوەیی (فتنە القومی) پێ دەگوترێت. هەر كەسێكی لە یاسا و پێكەوەژیان و دەستوور تێبگات، نابێ قسەی وا بكات. خۆ بە گوێرەی دەستووری عێراق نابێ لەژێر هیچ پاساوێكی نەتەوەییدا جنسییە لە هیچ هاووڵاتییەکی عێراقی وەربگیرێتەوە.''
(جاف) ئاشکرای کرد: ''كوردانی فەیلی سكاڵایان لە دژی (سەعد مەتڵەبی) پێشكەش كردووە، ئێمەش وەكو لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی نوێنەران لێكۆڵینەوەكانمان دەست پێ دەكەین و لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراقیش لەسەر ئەم بابەتە قسە دەكەین. سكاڵایەكیشمان لەبەردەستە لەسەر ئەم بابەتە و بەیانی لە كۆبوونەوەی لیژنەی مافی مرۆڤدا تاوتووی دەكەین.''
(د. ئەشواف جاف) ئاماژەیشی دا، دارودەستەکەی (مالیکی) بۆیە ئەو جۆرە لێدوانانە دەدەن، تا لەمپەر بخەنە بەردەم ڕیفراندۆم، بەڵام هەوڵەکانیان سەرناگرێت.
kdp-
