خـێزانێکی ئێزدی منداڵە رفێندراوەکەیان لە باکووری کوردستان دەدۆزنەوە
داود موختار، توێژەری ئێزدی رایگەیاند، لازم قاسم عەفدۆی تەمەن شەش ساڵان، لەگەڵ ژمارەیەک خێزانی ئێزدی لە سووریا رزگار کراون، کە بە رێگای تورکیاوە گەڕاونەتەوە باشووری کوردستان.
داود موختار هەروەها رایگەیاند، کە پۆلیسی تورکیا لەسەر سنووری باشووری کوردستان، بە بیانووی ساردوسڕیی باوکەکەی و نیشان نەدانی هیچ هەست و سۆزێک بۆ منداڵەکە، لازم قاسمیان نەداوەتەوە و ناردوویانەتە خانەی بێ باوکانی شرناخ لە باکووری کوردستان.
ئەو توێژەرە ئێزدییە ئاماژەی بەوەش کرد، کە کەسوکاری ئەو منداڵە لە باکووری کوردستان و تورکیا بەدوای منداڵەکەیاندا گەڕاون و تا دواجار برایەکی، لە خانەی بی باوکانی شرناخ دۆزیویەتییەوە.
دەسەڵاتدارانی تورکیا بڕیاریان داوە ئازمایشی DNAـی بۆ منداڵەکە بکات، تاوەکو لە راستیی و دروستی خزمایەتیی ئەو لەگەڵ ئەو خێزانە، دڵنیا بێتەوە.
باسنیوز
