سەرکردایەتیی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان لەبارەی ریفراندۆم کۆ دەبنەوە

 سەرکردایەتیی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان لەبارەی ریفراندۆم کۆ دەبنەوە
سەرکردایەتیی هاوبەشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان کۆ دەبەنوە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتی، ئێوارەی رۆژی شەممە 8.7.2017، سەرکردایەتیی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی، کۆ دەبنەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرکردایەتیی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان تاوتوێی پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، جگە لە پەیوەندییەکانی هەردوو حزب.

پێشتر لە رۆژی 23.6.2017، سەرکردایەتیی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان لەسەر هەمان پرس کۆبووەوە و بڕیاریدا دوای جەژنی رەمەزان (25 تا 27.6.2017)، درێژە بە کۆبوونەوەکان لەبارەی ”پرسە چارەنووسسازەکانی هەرێمی کوردستان“ بدات .

رۆژی شەممە 8.7.2017، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی کرد.

ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لە نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان (جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی یسلامی، کە رایانگەیاندووە بەشداریی ناکەن)، پێک دێت.

پێشتر لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.












باسنيوز
Top