ڕێنمایی و بەشێک لە مەرجەکانی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە تۆمارنەکراوەکان ئاشکرا دەکرێت
راید فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەولێر ڕایگەیاند: "مەرجەکانی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە تۆمارنەکراوەکان بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ دەبێت، کە ئەو ئۆتۆمبێلانەی مۆدێلیان لە ساڵی 2000 بەرەو سەرەوەیە و لە دەروازەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە داخیڵ کراون، ھەروەھا ئەگەر لە ھیچ شارێکی دیکەی عێراق تۆمار نەکرابن، بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، ھاوکات ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەدوای 1ی ئایاری 2017وە داخیڵی ھەرێمی کوردستان کراون، بڕیارەکە نایانگرێتەوە".
دەشڵێت: "دەبێت ئۆتۆمبێلەکان بە پێی تایبەتمەندیی عێراق بن و (سووکان عەکس) نەبن، چونکە ئەگەر وابن، ئەوا تۆمار ناکرێن، ئەگەر چی لە دەروازەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانیشەوە داخیڵ کرابن".
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەولێر، ھێشتا لێپێچینەوەکان لەسەر تۆمارکردن دەستی پێ نەکردووە، "ئێمە کارە ھونەرییەکانمان تەواو کردووە"، باسی لەوەش کرد، کە "ناکرێت ئۆتۆمبێلی ئەڵمانی لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی سینیدا لە گومرگدا ھەمان بڕە پارەیان لێ وەربگیرێت"، دەبێت بە :پێی جۆر و مۆدێل و نرخ جیاواز بن".
راید فازڵ حاجی لەسەر ئەو بڕە پارەیەی گومرگ وەری دەگرێت ئاشکرای کرد، کە زانیارییان لەسەر بڕەکەی نییە، چونکە تەنیا نووسراویان بۆ دەکەن بۆ گومرگکردنی ئۆتۆمبێلەکان، بۆ ئەوەی مەنەفێستی بۆ بکرێت، "دوای ئەوە کارەکانی ڕەوانەی ئێمە دەکرێت، دوای ئەوەی ڕێکارە یاساییەکان دەگیرێتە بەر، ئێمە ڕسووماتی ڕەقەمی لێ وەردەگرین، کەمترین ڕسووماتیش 400 ھەزار دینارە، زۆرترینیش تا نزیکەی 3 ملێۆن دینار دەڕوات".
باسنیوز
