حدکا: ئێستا هەلێکی مێژووییە بۆ سەربەخۆیی کوردستان

 حدکا: ئێستا هەلێکی مێژووییە بۆ سەربەخۆیی کوردستان
جێگری سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) رایدەگەیەنێت، کە هەلێکی مێژوویی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان هاتووەتە پێش.

حەسەن شەرەفی، جێگری سکرتێری گشتیی حدکا لە پەراوێزی رێوڕەسمی یادکردنەوەی د.عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووتری حدکا، کە لە هەولێر سازکرابوو، بە (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بڕیارێکی مێژوویی و نیشتمانییە و هەلێکی مێژوویی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دروست بووە.

حەسەن شەرەفی داوا لە هەموو کوردێک دەکات پشتگیریی سەربەخۆیی باشووری کوردستان بکەن، هەروەها ”بە تایبەت“ داوا لە هاووڵاتییانی باشووری کوردستان دەکات ”هیچ شتێک“ نەبێتە بەربەستی ئەوەی بەشداریی ریفراندۆم بکەن و دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان بدەن.

پێشتر لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.













باسنیوز
Top