کۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم دەستی پێ کرد
کۆبوونەوەکە، کە لە بارەگای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێ، بە سەرپەرشتیی سەرۆك مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا تاوتوێی هەنگاوەکان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دەکات.
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا، سێ کۆمیتە لە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم دروست بکرێ، بۆ دانوستاندن لەگەڵ عێراق، وڵاتانی عەرەبی و ئێران و تورکیا، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا.
ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لە نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان (جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی یسلامی، کە رایانگەیاندووە بەشداریی ناکەن)، پێک دێت.
پێشتر لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
باسنیوز
