ئەنجومەنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی سێ کۆمیتە بۆ دانوستاندن دروست دەکات

 ئەنجومەنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی سێ کۆمیتە بۆ دانوستاندن دروست دەکات
ەنجومەنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان سێ کۆمیتە بۆ دانوستاندن لەگەڵ عێراق و وڵاتانی جیهان دروست دەکات.



بڕیارە رۆژی شەممە 8.7.2017، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ ئەنجومەنی ریفراندۆم کۆ ببێتەوە، کە لە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان (جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی) پێک دێت.



بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاری دروستکردنی سێ شاند بۆ دانوستاندن لەبارەی سەربەخۆیی کوردستانەوە دروست بکرێن.



یەکێک لە کۆمیتەکان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، تاوتوێی پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەکات.



هەروەها کۆمیتەیەک دیکە بۆ دانوستاندن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی دروست دەکرێت و کۆمیتەیەکیش بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا دروست دەکرێت.



پێشتر لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.





باسنيوز
Top