رووسیا: لەگەڵ ئەمریکا لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست لە باشووری سووریا رێک کەوتین
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی لوتکەی G20 لە هامبۆرگ، رایگەیاندووە، کە رێککەوتنەکەی رووسیا و ئەمریکا دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 9.7.2017 دەچێتە بواری جێبەجێکردن.
سێرگی لاڤرۆڤ هەروەها رایگەیاندووە، کە رێککەوتنی نوێنەری رووسیا و ئەمریکا، بە ئامادەبوونی نوێنەری ئوردن بووە و لە عەمانی پایتەختی ئەو وڵاتەش گەیشتوونەتە رێککەوتنەکە، بۆ وەستاندنی شەڕ لە ناوچەکانی دەرعا، قونەیترە و سوەیدا لە باشووری سووریا.
رووسیا، کە لەسەرەتا شەڕی ناوخۆیی سووریاوە پشتگیریی رژێمی سووریا دەکات، وەک نوێنەری رژێمی سووریا رێککەوتنەکەی واژۆ کردووە و ئەمریکاش، کە پاڵپشتیی بەشێک لە گرووپە ئۆپۆزیسئۆنەکان دەکات، لە بری ئەو گرووپانە رێککەوتنەکەی واژۆ کردووە.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆن سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 500 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.
باسنیوز
