مەریوان نەقشبەندی: لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی فکری داعش لەسەر دوو خاڵ کاری کردووە

 مەریوان نەقشبەندی: لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی فکری داعش لەسەر دوو خاڵ کاری کردووە
ئەندامێکی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی فکری داعش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئێستا کار لەسەر بنبڕکردنی فکری توندڕەویی داعش دەکرێت و دەشڵێت، ھیچ چەکدارێکی کورد لە نێو داعشدا نەماوە و دۆسییەکەش داخراوە.


(مەریوان نەقشبەندی)، ئەندامی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی فکری داعش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی فکری داعش لەسەر دوو خاڵ کاری کردووە و یەکێک لەوانە کۆتایی ھاتووە، ئەویش کۆکردنەوە و بە دیکۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعشە و ھەموو بەڵگەکانیش ڕادەستی ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق کراون، کە بە پێی ئەو بەڵگانە تەنیا لە ناوچەکانی سنووری ماددەی 140ی دەستووری عێراق زیاتر لە 100 شوێنی ئایینی خاپوور کراون.

کاری دووەم، چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی فکری داعشە لە ڕێی مامۆستایانی ئایینی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ئەنجامدانی چالاکیی جۆراوجورەوە، بۆ ئەوەی بە یەکجاری ئەو فکرە توندڕەوە بنبڕ بکرێت و ئێستا کاری لەسەر دەکرێت.''

دەربارەی چارەنووسی کوردانی نێو گرووپی تیرۆریستیی داعش، (نەقشبەندی) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''بە پێی زانیارییەکانی ئێمە ھەموو ئەو چەکدارە کوردانەی پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە کردبوو، یان وازیان لەو کارە ھێناوە، یانیش کوژراون، لەبەر ئەوە ھیچ چەکدارێکی کورد لە نێو داعشدا نەماوە و دۆسییەکەش داخراوە.''

kdp-
Top