كه‌سایه‌تییه‌كی ئایینی: ڕیفراندۆم پڕۆسه‌یه‌كى پیرۆزه
محه‌مه‌د قادر، كه‌سایه‌تی ئایینی و ڕاوێژكارى ڕابه‌رى گشتى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى، ڕایگه‌یاند: "پرسی ڕیفراندۆم پرسێكى چاره‌نووسسازه و ههرلایهنێكى سیاسی ئه‌گه‌ر عه‌لمانى بێت، یاخود ئیسلامى هه‌وڵى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم بدات، كارێكى باش ده‌كات، چونكه پێویستییه‌كى گرنگه بۆ گه‌لى كوردستان و پڕۆسه‌یه‌كى پیرۆزه ئه‌ركى سه‌رشانى هه‌موو كوردێكه به‌ره‌و پیرى ڕیفراندۆمه‌وه بچێت".
گوتیشى: " كۆمه‌ڵێك كۆسپ و ته‌گه‌ره هه‌یه ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رى پێویستى بۆ نه‌دۆزرێته‌وه، ترسێكى گه‌وره هه‌یه كه پرسی ڕیفراندۆم له به‌بار بچێت، به‌تایبه‌تى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى نێو ماڵى كورد هه‌روه‌ها دۆزینه‌وه ڕێگه چاره‌یه‌كى گونجاو بۆ كێشه‌ى قه‌یرانى دارایی كه ته‌نگى به هاونیشتمانیان هه‌ڵچنیوه، ئه‌گه‌ر ئه‌م ئه‌زمه‌یه كۆتایی پێ نه‌یه‌ت ترسی ئه‌وه‌مان هه‌یه نه‌توانین بگه‌ین به ئاواتى گه‌له سته‌م دیده‌كه‌مان بۆیه باشتروایه پارت و لایه‌نه سیاسه‌یه‌كان به‌زووترین كات كێشه‌كانى خۆیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، بۆ سه‌رخستنى پرسی ڕیفراندۆم".
زیاتر گوتی: "پرسی ڕیفراندۆم جگه له‌وه‌ى پرسێكى نیشتمانییه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پرسێكى شه‌رعییه به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ى ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕیفراندۆمه له به‌رژه‌وه‌ندى ئایینى پیرۆزى ئیسلامدابێت، دواجار هیچ زیانێك به بنه‌ماكانى ئایینى پیرۆزى ئیسلام نه‌گه‌یه‌نێت، چونكه له شه‌رعی ئیسلامدا باس له‌وه كراوه، هه‌موو مرۆڤێك مافى ئه‌وه‌یه هه‌یه به بێ جیاوازى ئازاد بێت، به‌ڵام شه‌رع ڕێگه‌ى به‌وه نه‌داوه ئێمه ژێرده‌سته‌ى وڵاتێكى دیكه بین بێگومان ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆی ئه‌نجام ده‌درێت، ههركاتێكێكیش ئێمه سه‌ربه‌خۆ بوین ماناى وایه وڵاته‌كه‌مان ئازاده بۆیه شه‌رع ڕێگه‌ی به‌وه‌داوه ئێمه خاوه‌نى كلتور و كیانى خۆمان بین، بۆیه هه‌ركه‌سێك به‌شدارى ڕیفراندۆم بكات، خواى گه‌وره له‌و دنیا پاداشتى خێرى ده‌داته‌وه".
ئه‌و كه‌سایه‌تییه ئایینیه ڕاشیگه‌یاند: "خودى خۆم پشتگیرى له ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆى كوردستان ده‌كه‌م چونكه خه‌بات و تێكۆشانم دژى حكومه‌تى به‌عس ته‌نیا بۆ ئازادى وڵاته‌كه‌م كردووه، هه‌روه‌ها وه‌كو پێشمه‌رگه‌یه‌كى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى، ماوه‌ى 7 ساڵ له‌لایه‌ن حكوومه‌تى به‌عسه‌وه زیندانى كراوم بۆیه هه‌موو كاتێك پشتگیرى له سه‌به‌خۆیی كوردستان ده‌كه‌م به‌ڵام پێش هه‌موو شتێك ده‌بێ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ى ڕایده‌گه‌یه‌نین، له به‌رژه‌وه‌ندى ده‌ستوورى ئاینى پیرۆزى ئیسلامدا بێت".
" حه‌ق نییه هه‌ندێك مامۆستا به‌شێوه‌یه‌كى نه‌شیاو باسی ڕیفراندۆم بكه‌ن، پێویسته بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه كۆمه‌ڵێك مامۆستاى كاراماى ئه‌كادیمى كه له بوارى دیین و سیاسه‌تدا شاره‌زایی باشیان هه‌بێت، به‌شێوه‌یه‌كى جوان و ته‌ندرووست گفتوگۆ له باره‌ى ڕیفراندۆم و پرسه نیشتمانیه‌كانه‌وه بكه‌ن" ڕاوێژكاره‌كه‌ی ڕابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی وایگوت.
باس‌نیوز
