بەرپرسانی خاڵی سنووریی باشماخ و ئێران کۆدەبنەوە

بەرپرسانی خاڵی سنووریی باشماخ و ئێران کۆدەبنەوە



ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆیان و کارکردن بەھەماھەنگی و ھاوکاری ھەردوولا لەپێناو بەرەوپێشبردنی بواری ئابووری و کار ئاسانی ھاتوچۆی گەشتیاران و کاڵا بازرگانییەکان، وەفدێکی خاڵی سنووریی نێودەوڵەتی باشماخی ھەرێمی کوردستان، سەردانی ئیدارەی خاڵە سنوورییەکەی ئێرانیان کرد.



ئەزوەر مەحموود، سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگای دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتی باشماخ، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە 6/7/2017 بە یاوەری وەفدێک سەردانی مەرزی باشماخی دیوی ئێرانمان کرد و لەلایەن ئاغای مسعودی کریمی، بەڕێوەبەری پایانەی باشماخ دیوی ئێران و ئاغای بەخشی، بەڕێوەبەری گومرکی باشماخی ئێران و ھیوای ساڵحی، پێشوازیمان لێکرا".



سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگای دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتی باشماخ، ئەوەشی خستەڕوو: "لەکۆبوونەوەیەکدا بەمەبەستی دیاریکردنی کێشەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆیان، کارکردن بەھەماھەنگی و ھاوکاری ھەردوولا لەپێناو بەرەوپێشبردنی بواری ئابووری و کارئاسانی ھاتوچۆی گەشتیاران و کاڵا بازرگانییەکان، گفتوگۆی پێویست کرا".



ئەوەشی روون کردەوە: "ھاوکات جەخت لەبەردەوامی دان بەکۆبوونەوەکان لەنێوان ھەردوولادا کرا، بەمەبەستی نەھێشتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی بارھەڵگرەکان لەھەردوو مەرزدا".

bas news-
Top