د. رزگار: سیاسەتی نەوتی هه‌رێم سەركەوتنی گەورەتر تۆمار دەكات، ئەویش سەربەخۆیی كوردستانە

د. رزگار: سیاسەتی نەوتی هه‌رێم سەركەوتنی گەورەتر تۆمار دەكات، ئەویش سەربەخۆیی كوردستانە
شارەزایه‌كی بواری نەوت ده‌ڵێ، سیاسەتی نەوتیی ھەرێمی كوردستان سەركەوتنی زۆر گەورەی تۆمار كردووە، بۆیە بەغدا رەخنەی لێ دەگرێت، بەڵام ئەو رەخنانە ھیچ كاریگەرییەكیان نابێت، چونكە ئێستا كۆمپانیا زەبەلاحەكانی جیھان دێن گرێبەست لەگەڵ ھەرێمی كوردستان لە بواری نەوتدا واژۆ دەكەن.

شارەزای بواری نەوت و بڕیاردەری پێشووی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. رزگار)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "حكوومەتی عێراق بە ھەموو شێوەیەك ھەوڵ دەدات ھەرێمی كوردستان پێش نەكەوێت، بۆیە ئێمە هەر هەنگاوێك بنێین، ئەوان دژایەتیی ھەرێمی كوردستان دەكەن و پێی دڵخۆش نابن، شتێكی نوێیش نییە كە ئەوان رەخنە دەگرن و باس لەوە دەكەن كە سكاڵا لەسەر ھەرێمی كوردستان تۆمار دەكەن، ئەمانە ھەموو بیانوون، بەڵام با دڵنیا بن بە ھیچ شێوەیەك سەركەوتوو نابن، لەبەر ئەوەی زۆر جار خۆیان تاقی كردووەتەوە".

(د. رزگار) گوتیشی، "ھەرێمی كوردستان چەندە ھەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت، ئەوان زیاتر رەخنە لە ھەرێمی كوردستان دەگرن و ھەوڵی رێگریكردن دەدەن، بۆیە ئەو رەخنانە نیشانەی سەركەوتنی ھەرێمی كوردستانه‌ لە پرۆسەی هەناردەی نەوتدا، چونكە ھەرێمی كوردستان لەو پرۆسەیەدا قۆناغی زۆر باشی بڕیوە و ئیدی گەڕانەوە نییە و بەردەوام بەرەو پێشەوە دەچێت، چونكە ئێستا وای لێ ھاتووە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی جیھان لە بواری نەوتدا دێن گرێبەست لەگەڵ ھەرێمی كوردستان واژۆ دەكەن، ئەمەیش وەڵامێكە بۆ رەخنەكانی ئەوان".

ئەو شارەزایەی بواری نەوت ده‌شڵێ، "ھەرێمی كوردستان لە سیاسەتی نەوتیی خۆیدا سەركەوتنی گەورەی تۆمار كردووە و تازە بەغدا ناتوانێت رێگری لەو سەركەوتنانە بكات، چونكە ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە، بۆیە ئێستا ھیچی لە دەستدا نەماوە و ھاتووە باس لەوە دەكات كە ھەرێم نەوت راستەوخۆ دەفرۆشێتە وڵاتان و كەشتیی نەوتی ھەرێم لەنێو دەریادا دەسووڕێتەوە و گوایە كڕیاری نییە، كە ئەوەی شارەزای نەوت بێت، دەزانێت ئەمە ھیچ بنەمایەكی نییە و ناتوانێت لە سەركەوتنەكانی سیاسەتی نەوتیی ھەرێم كەم بكاتەوە".

بڕیاردەری پێشووی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختیش دەكاتەوە، "چڕبوونەوەی رەخنەكان لە پرۆسەی نەوتی ھەرێمی كوردستان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ھەرێمی كوردستان دوای سەركەوتنی لە سیاسەتی نەوتدا، ئێستا بەرەو ریفراندۆم هەنگاو دەنێت و سەركەوتنی گەورەتریش تۆمار دەكات، ئەویش سەربەخۆیی كوردستانە، بۆیە ئەوان پێی دڵتەنگ بوونە و دەستیان بەو رەخنە بێبنەمایانە كردووە".
kdp-
Top