شارەزایان: یاسا نێودەوڵەتییەکان و دەستووری عێراق ماف بە ڕیفراندۆمی هەرێم دەدەن
"دەستووری عێراق مافی بە هەرێم داوە ڕیفراندۆم بکات"
دەستووری عێراق لە پەرەگرافی كۆتاییدا زۆر ڕاشكاوانە باسی لەوە كردووە، كە ھەرێم مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، هەروەها باس لە یەكپارچەییی عێراق دەكات بەو مەرجەی دەستوور جێبەجێ بكرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی دەستووری عێراق تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە و ھەمیشە پێشێل كراوە، بۆیە لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی دەستوور رێگەدراوە عێراق هەڵبوەشێتەوە، ئەمەیش تەنیا لە ماددەی ١٤٠دا نەبووە کە دەستوور پێشێل کراوە، چەندین ماددەی دیكەی وەكو ماددەی ١٥ی دەستوور، کە باسی یەكسانی دەكەن لە نێوان تاكەكاندا جێبەجێ نەکراون، بۆیە لە کاتی جێبەجێنەکردنیشدا ئەوا هەرێم مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و بە گوێرەی لێدوانی شارەزایانی دەستووریش ئەگەر بێت و دەستوور جێبەجێ نەکرێت، ئەوا یەکپارچەییی عێراق نامێنێت، لەو بارەیەوە (د. ساڵح مەلاعومەر)، شارەزای یاسا نێودەوڵەتییەكان و مامۆستای زانكۆ، لەگەڵ ئەوەی باسی لەوە کرد کە لە عێراقدا دەستوور جێبەجێ نەکراوە، دەشڵێ، هەرێم لەکانی جێبەجێنەکردنی دەستووری عێراق، مافی خۆیەتی پەنا بۆ ڕیفراندۆم ببات و چارەنووسی خۆی دیاری بکات، تەنیا بە یەک نموونە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی دەسەلمێنێت، کە دەستووری عێراق جێبەجێ ناکرێت و دەپرسێ ئەگەر دەستوور ھەیە بۆ بەشەبوودجەی ھەرێمی كوردستان بڕدراوە؟ لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە تا ئێستا بەغدا بە ھیچ شێوەیەك ڕێی نەداوە ھەڵبژاردن لە كەركووك بكرێت و ڕێگریی لێ كردووە. بەهۆ ئەوەی چەندین پێشێلكاریی دیكەی دەستوورییان كردووە، لە ڕاستیدا خۆیان وایان كردووە ھەرێم ڕیفراندۆم ئەنجام بدات و بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، کە ئەمەش بە گوێرەی ئەو پێشێلکارییانەی بەرانبەر بە دەستوور کراوە، ڕێگە دراوە کە هەرێم بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.
"هیچ وڵاتێک بۆی نییە دەست بخاتە کاروباری هەرێمەوە و ڕێگری لە ڕیفراندۆم بکات"
زۆرجاریش ئەوە دەگوترێت کە ئایا دەرفەت بۆ ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستاندا لەبارە؟ یان دەگوترێت کە ئایا وڵاتانی دەورووبەر و جیهان ڕێگە دەدەن هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆم بکات و جاڕی سەربەخۆیی بدات؟ ئەگەر ورد ببینەوە لە یاسا نێودەوڵەتییەكان، ھیچ وڵاتێك بۆی نییە دەست لە كاروباری وڵاتێكی دیكە وەربدات، لە ماددەی دوو، بەندی حەوتەمیدا، جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ زۆر بە ڕوونی باس لەوە دەكات، كە ھیچ وڵاتێكی دیكە مافی ئەوەی نییە دەست لە كاروباری وڵاتان وەربدات، کە وایە هیچ وڵاتێک دەتوانێ دەست بخاتە کاروباری هەرێمەوە؟ لە وەڵامدا (د.ساڵح مەلا عومەر) ڕوونی دەکاتەوە، کە ڕیفراندۆم پرسێكی ناوخۆییی عێراقە و عێراقیش شكستی هێناوە، لەبەر ئەوە پێویستە ھەرێم بڕیارێكی یەكلاكەرەوە بدات و وڵاتانیش كە باس لەوە دەكەن پێویستە عێراق یەكپارچە بێت، ھەر باسی دەكەن، بەڵام بۆ دەستوەردان، هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە، ڕێگری لەو مافەی ھەرێمی كوردستان بكات.
"یاسا نێودەوڵەتییەکان: هەموو گەلێک مافی بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی هەیە"
لە بابەت یاسا نێودەوڵەتییەکانیشەوە (د. ساڵح مەلاعومەر) دەڵێت: ''ئەگەر لە یاسا نێودەوڵەتییەكان ورد بینەوە، مێژوویەكی دوورودرێژیان ھەیە لەبارەی ئەوەی ھەر گەلێك مافی چارەی خۆنووسینی ھەیە. سەدەی بیستەمیش لە پڕۆژەی (ویلسۆن)دا، كە ھێشتا دەوڵەت دروست نەكرابوون، لە دوای شەڕی یەكەمی جیھانی، ساڵی ١٩٢٠ لە كۆنگرەی "سیڤەر" ئەو مافە بە فەرمی بۆ كورد دەستنیشان كرا، كە لە ماددەكانی ٦٢ و٦٣ و ٦٤ی كۆنگرەی "سیڤەر"دا لەسەر بنەمای پڕۆژەی (ویلسۆن)، ھەموو نەتەوەیەكی ژێردەست مافی ھەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، بەڵام جێی داخە، ساڵی ١٩٢٣ لە كۆنگرەی ''لۆزان''دا ئەو مافە لە گەلی كورد وەرگیرایەوە و جێبەجێ نەكرا، دواتریش لە شەڕی دووەمی جیھانیدا، كە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دروست كرا و جاڕنامەی مافی مرۆڤ نووسرا، ساڵی ١٩٤٨، جارێكی دیكە باس لەوە كرا، كە ھەموو گەلێك مافی چارەی خۆنووسینی ھەیە، هەروەها ساڵی ١٩٦٠ جارێكی دیكە لە یاسا نێودەوڵەتییەكاندا ئەو مافە بە گەلان درا، تاوەكو ساڵی ١٩٦٨ گەلانی جۆراوجۆر داوای مافی خۆیان دەكرد، ئەو كاتیش جارێكی دیكە جەخت كرایەوە، كە ھەموو گەلێك مافی بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی ھەیە.''
(د. ساڵح مەلاعومەر) دەربارەی بڕیاری چارەنووس بۆ گەلانی دنیا دەڵێت: ''ساڵی ١٩٩٣ تا ١٩٩٩ بە شێوەی جۆراوجۆرا بڕیار دەرچووە ھەر گەلێكی ژێردەست مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و ھیچ شك و گومانێك نییە، کە ھەرێمی كوردستانیش گەلێكی ژێردەست بووە و ٩٧ ساڵە ڕێگری لە كورد دەكرێت، کە مافی خۆی وەرگرێت، ئێستاش بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەكان و دەستووری عێراقیش، ئەو مافە بە كورد دراوە، كە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.''
"ریفراندۆم حەزێکی سرووشتیی خەڵکە"
لەگەڵ ئەوەی کە یاسا نێودەوڵەتییەکان و دەستووری عێراق ڕێگر نییە لە بەردەم ڕیفراندۆمی هەرێمدا، حەزی سرووشتیی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بۆ بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم دیوێکی دیکەیە، وەک یاریدەدەری پێشووی سەرۆكی زانكۆی دھۆك (د. سەلیم حەسەن)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''ئێمە، كە لە نێو خەڵكداین، دەبینین ھەمووان زۆر دڵخۆشن بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و زۆر بە گەرمی پێشوازیی لێ دەكەن، چونكە ئەمە سەبارەت بە خەڵكی كوردستان پرسێكی مێژووییە.''
(حەسەن) دەشڵێت: ''حكوومەتی عێراق ئێستا بە شەڕی داعشەوە سەرقاڵە، دەنا ھەر كاتێك بێكێشە بێت، گرفت بۆ ھەرێمی كوردستان دروست دەكات و ستەم لە كورد دەکات، بەڵام ئێستا سەردەمەكە گۆڕاوە و دەوڵەتی نوێ دروست دەكرێن، بۆیە كوردیش مافی خۆیەتی ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی و ئێستاش كاتی ھاتووە ببێتە خاوەن دەوڵەت.''
(د. سەلیم)، كە ھاوكات یەكێكە لە دامەزرێنەرانی زانكۆی دھۆك، گوتی: ''كە دەبینین گەلی كورد چەندە بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دڵخۆشە، پێویستە لایەنەكانیش پشتگیری لە خەڵك بكەن و ڕێز لە ڕای گەل بگرن و یەكدەنگ بن، بۆ ئەوەی پرۆسەكە بە سەركەوتوویی ئەنجام بدرێت، چونكە ئەگەر ئێمە یەكگرتوو بین، ھیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ زەفەر بە كورد بەرێت.''
(د. سەلیم) ڕاشیگەیاند: '' ئێستا پێگەی ھەرێمی كوردستان لای ھەموو وڵاتان لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان دیارە، بۆیە ھیچ وڵاتێك دژایەتیی ھەرێم ناكات و ھەرێمی كوردستانیش دەگاتە مافی خۆی كە سەربەخۆییی كوردستانە.''
"باشووری سوودان دەمردن لە برسان کەچی بوون بە دەوڵەت"
(د. سەلیم) باسی لەوەیش كرد كە: ''باشووری سوودان دەمردن لە برسان، كەچی بوون بە دەوڵەت، بۆچی ئێمە، كە لە ھەموو ڕوویەكەوە ھیچ كێشەیەكمان نییە و زۆر باشترین لە ئەوان، نەبین بە دەوڵەت؟ كە بە ھەزاران شەھیدیشمان داوە و بە ھەزاران گوندیشمان خاپوور كراون، بۆیە ئاواتی ھەموو كوردێكە پێش ئەوەی بمرێت، ئاڵای كوردستان لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە تەك ئاڵای وڵاتانی جیھان ببینێت.''
kdp-
