حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ کاتی بڕیاردانی باشووری کوردستانە
حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕیفراندۆم لە باشووری کوردستاندا بە ڕووداوێکی گەورەی مێژوویی وەسف دەکەن، وێڕای ئەوەی کە پاڵپشتیی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم دووپات دەکەنەوە، دەشڵێن، دەبێ ڕێز لە ویست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان بگیرێت. سەبارەت بە ڕیفراندۆم جێگری سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، (حەسەن شەرەفی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''گەلی کوردستان هەر بریارێک بدەن، ڕێزی لێ دەگرین، ئیستاش کە ئەم پرسە هاتووەتە ئاراوە، دەبێ هەموو لایک بزانن کە ماوەی سەدان ساڵە گەلی کوردستان بە ئاواتی ئەوەوەیە، بگاتە ئامانجەکانی خۆی، بۆیە گرینگە ڕێز لە ویست و ئیرادەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بگیرێت.''
لە ئێستادا کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان زەنگی سەرکەوتنی بەسەر داعشدا لێ دا و زۆرینەی سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەژێر دەستەڵاتی شەرعی پێشمەرگەدایە و جیوگرافیای دەستکردی سایکس-پیکۆ وەک دیفاکتۆ بوونی نەماوە، ئیدی کاتی ئەوەیە کە کورد چارەنووسی خۆی دیاری بکات و هەنگاو بۆ سەربەخۆیی بنێت. لەژێر بۆچوونی ئەم پەرەگرافەی سەرەوەدا (عارف باوەجانی)، سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی دەڵێت: ''تا ٢٥ی سێپتەمبەر چاوەڕوانی چەندین پلانی مەترسیدارین، چونکە گەلی کوردستان بڕیاری چارەنووسی خۆی دەدات، باشووری کوردستان بەرەو هەنگاوێکی گرینگ، کە ڕاپرسیی گەلە لە ٢٥ی سیپتەمبەردا خۆی ئامادە دەکات، ئەم پرۆسەیەش مەترسییەکی زۆری بۆ سەر بەرژەوەندییی هەندێک لایەن دروست کردووە.''
(باوەجانی) ئاشکرای دەکات: ''دەزگا ئەمنی و داپڵۆسێنەرەکانی هەندێک وڵاتی دەوروبەر بە چڕوپڕی کەوتوونەتە زەربەلێدان و کۆسپ دروستکردن بۆ ڕاگرتنی ئەو پرۆسەیە، چونکە لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا بێجگە لەوەی کە زیاد لە ١٢ ملیۆن کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان فشارەکانیان بۆ سەریان زیاد دەکەن، هاوکات ٤ نەتەوەی دیکەی وەک بەلووچ، عەرەبی ئەهواز، ئازەری و تورکمەن، کە ئەوانیش وەک کورد خاکیان داگیر کراوە، شانبەشانی کورد دەکەونە جووڵەوە و ڕیفراندۆم تمووحیان زیاتر دەکات.''
(باوەجانی) باوەڕی وایە: ''لە باکووری کوردستانیش ٢٥ ملیۆن کورد و چەند ملیۆن کەسی نەتەوەکانی دیکە، بە هۆی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستانەوە دەکەونە جووڵە، سووریاش بە نکۆڵیکردن لە زیاتر لە ٣ ملیۆن کوردی ڕۆژئاوای کوردستان و، سەدان هەزار ئاشووری و نەتەوەکانی دیکە، دروشمەکەی، واتە کۆماری عەرەبیی سووریا، دەکەوێتە مەترسییەوە و هەروەک خەونی بیلادی شامەکەی ١٠٠ ساڵ پێشی، دیسانەوە ٣ وڵاتی دیکە لە ناوچەکە زیاد دەکرێن، ئیدی مێژووە دێرینەکەی تەواو ژێرگڵ دەکەوێت.''
(باوەجانی) ئاماژەیشی دا: ''عێراقی ئیستا بە ناو وڵات و بە ناوەڕۆک وڵاتی فرەئایین و فرەتیرە و هۆزەوە، کە هەر١٠٠ کیلومەترێکی بە دەست حزب و ئایین و تایفەیەکەوە، کەچی بە دژی سەربەخۆیی و ڕێفراندۆم، خۆیان بە حکوومەت دەزانن، باس لەوە دەکەن، کە ئەگەر کوردەکان بڕیاری سەربەخۆیی بدەن، قبووڵی ناکەین، وڵاتەکەمان ببێت بە ٣ بەشەوە، ئاشکراشە کە بڕیاردەری یەکەمی بەشی زۆری وڵاتی ئێستای بەناو عێراق، وڵاتێکی دیکەیە کە فشاری دەخاتە سەر، بۆیە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە گونجاوترین کاتی خۆیدایە و پشتگیری لێ دەکەین.''
(ئەنوەر محەمەدی)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە، وەک کۆمەڵە، پێمان وایە ڕیفراندۆم بۆ ئەوەی لە داهاتوودا مافی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتدا یەکلا بکاتەوە، مافێکی خەڵکی باشووری کوردستانە، کە کار بکات بۆ دروستکردنی دەوڵەت و خاوەنی سیادەی خۆی بێت و ئێمە بە مافێکی ڕەوای گەلی کوردستانی لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا دەزانین، چونکە حزبەکانی باشووری کوردستان خاوەنی جەماوەر و پێگەی کۆمەڵایەتین و گرینگە لەبارەی خێرا بەئەنجامگەیاندنی ڕیفراندۆمەوە بڕیار بدەن.''
(محەمەدی) ئەوەشی خستەڕوو: ''گرینگە ئەو هەنگاوانە بکرێنە پراکتیکی، گرینگە کورد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گوشاری زیاتر دروست بکات، هەتا لە هەموو لایەکەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت.''
kdp-
