عەبدولباست سەیدا: بوومەلەرزەیەکی سیاسیی گەورە لە ناوچەکەدا دروست بووە؛ دەبێ ڕیفراندۆم بکرێت
بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاریان دا، کە ٢٥-٩-٢٠١٧ ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستاندا بکرێت. سەبارەت بە ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستاندا، (عەبدلباست سەیدا)، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نیشتمانیی سووریا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ڕیفراندۆم مافێکی مەشرووع و سرووشتیی گەڵانە، بەتایبەت بۆ میللەتی کورد، چونکە گەلێکی زۆر گەورەیە و تا ئێستا بێمافە، ئێستاش سێ پرس لە بەردەم کورددا هەیە، کە ئەمرۆ تێکەڵن؛ یەکەم ئەوەی کە کورد چۆن بیر دەکەنەوە سەبارەت بەم پرسە و چۆن لەسەر ئەم پرسە پێک دێن و بۆچوونیان چۆنە؟ هی دیکەش، ئەو ڕەوشەیە ناوچەکە تێیدا دەرباز دەبێت و هەندێک هێز هەن، وێ دەچیت کورد قبووڵی نەکەن، چونکە دەست بەسەر خاکی کورددا دەگرن، ئەویش وڵاتانی دەوروبەرن و هەندێک وڵاتانی عەرەبییش هەن و، هی سییەمیش، پرسی نێودەوڵەتییە، ئەویش لەبەر ئەو گۆڕانەی کە بەسەر ناوچەکەدا هاتووە و بوومەلەرزەیەکی سیاسیی لە ناوچەکەدا دروست بووە.''
(سەیدا) پەیامێک دەداتە ئەو لاینەی کە دەڵێن دەبێ پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە ئەوجا ریفراندۆم بکرێ، پێیان دەڵێ، ریفراندۆم پرسێکی نەتەوەیییە نابێ بە بیانوی پەرلەمان ئاستەنگی بۆ دروست بکرێ، بۆیان رووندەکاتەوە کە ڕاستە کاراکردنەوەی پەرلەمان گرینگە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و پێویستە بزووتنەوەی گۆڕانیش هەنگاوێک بێتە پێش بۆ پرسی پەرلەمان و ڕیفراندۆم، بەڵام ناکرێت بۆ پرسێکی نەتەوەییی وەک ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی کوردستان، لایەنێک کێشەیەکی حزبی بکاتە بەهانە و ئاستەنگ و لەم پرسەدا پشکدار نەبێت، هەر لەبەر ئەوەش، پێویستە گەلی کورد بە تەواوی کار بۆ سەرکەوتنی ئەم پرسە بکات.''
هەندێ لایەن و کەس وایان بڵاوکردووەتەوە کە هێزی ئیقلیمی ناهێڵن ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستاندا بکرێ، لە وەڵامدا (عەبدولباسیت سەیدا) ئاماژەیەکی روون دەدات کە ئەگەر ئیرادەی ریفراندۆم هەبێت هیچ هێزێک ناتوانێت ببێتە ئاستەنگ، ''راستە هەندێک هێزی ئیقلیمی دەیانەوێت، ئاستەنگ بخەنە بەردەمی ئەم پرسە، بەڵام ئەگەر کورد یەکدەنگ و یەکڕێز بێت، هیچ کەس و لایەن و وڵاتێک ناتوانێت لە بەرانبەریدا بوەستێتەوە و پێویستە بە هەر شێوەیەک بێت ڕیفراندۆم بکرێت، هەڵبەت ئیرادەی گەلی کورد لە هەموو هیزێک گەورەترە.''
kdp-
