پەنابەران: پەکەکە هۆکاری وەدەرنانی زیاتر لە ملیۆنێک کوردە
چالاکوانێکی سیاسی و ڕۆژنامەوان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ناوی (حەسەن خێری)، کە ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی، لە بەر پەکەکە ڕۆژئاوای کوردستانی بەجێ هێشتووە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''پەکەکە بە زەبری چەک هەموو شتێکی خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە و هەر کەسێک بیری جیاوازی هەبێت لە لایەن پەکەکەوە دەستبەسەر دەکرێت، کەس نازانێت چی بە سەریان دێنێت و ئەگەر کەسانی ڕۆژنامەوان، بیری جیاوازیان لەگەڵ پەکەکە بوایە، چارەنووسیان زیندان بوو، یان بەرەکانی جەنگ.''
''من بە چاوی خۆم دەیبینم کە پەکەکە لە گشت شوێنێکدا تەنانەت لە نێو کۆڵانەکانیشدا لە ڕۆژئاوای کوردستان خاڵەکانی ئەمنی داناوە و گەنج دەڕفێنێ و بەزۆر بەڕێی دەکات بۆ بەرەکانی جەنگ، بەتایبەت بۆ ڕەققە، ئیدی ژیانی ڕۆژئاوای پڕ کردووە لە ناخۆشی و حوکمڕانییەکی میلیتاریی خۆسەپێنی دروست کردووە، (عەبدولڕەحمان ئاپۆ)، سەرکردەی ئەنەکەسە لە ڕۆژئاوای کوردستان وای گوت:''
(ئاپۆ) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتیشی: ''لە ڕۆژئاوا زیاتر لە ٤٠ نووسینگەی ئەنەکەسە داخراون و سووتاون و نیزیکەی ١٠ سەرکردەمان لە زیندانن و ئێستا هیچ چارەنووسیان دیار نییە و بە پێی زانیارییەکانمان هەندێک کەس ڕادەستی ڕژێمی سووریا کراون.''
هەر لەم بارەیەوە، (ڕەمەزان شێخۆ)، ئەندامی خۆجێیی پارتی دیموکراتی کوردستان-سوریا، کە لەبەر هۆکاری سیاسی و فشاری پەکەکە ڕۆژئاوای کوردستانی بەجێ هێشتووە و ئێستا لە تورکیا دەژی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێمە بە هیچ شێوەیەک ناتوانین لەگەڵ هێزێک بژین، کە هێچ شەرعییەتی نەبێت و لە لایەن خەڵکەوە ڕەت کرابێتەوە و خەڵک بە نەچاری بباتە جەنگ و ناوچە کوردستانییەکان پڕ بکات لە عەرەب و گەنجە کوردەکان بۆ ناچە عەرەبەکان بباتە جەنگ و ئێستا چارەنووسی زۆر کورد نەدیارە لە زێندانەکانی پەکەکە دا.''
(ڕەمەزان شێخۆ) گوتیشی: ''هەرچەندە ئامارێكی فەرمی نییە لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام کوردانی ڕۆژئاوا زیاترن لە ٤ ملیۆن و نیزیکەی ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار کەس ڕۆژئاوایان بەجێ هێشتووە و لە وڵاتانی دەوروبەری سووریا و وڵاتانی ئەوروپایی دەژین، ئەویش لەبەر هۆکاری هەبوونی پەکەکە لە ڕۆژئاوا.''
(رێزان شێخمووس)، سەرۆکی نوێنەراتیی ئەوروپای ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەو ڕووداوانەی کە ئێستا لە عەفرین ڕوو دەدەن، ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی پەکەکەیە و هەر لەبەر ئەو سیاسەتەش ئێستا زیاتر لە ملێۆنێک خەڵکی ڕۆژئاوا لە دەرەوە دەژین و ئێستاش شاری عەفرین لە مەترسیدارترین بارودۆخدایە و ئەمەش هەموو پەکەکە لێی بەرپرسیارە.''
سەرۆکی نوێنەرایەتیی ئەورووپای ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە)، ئەوەیشی گوت: ''هیچ هێزیک ناتوانێت گەلی ڕۆژئاوای کوردستان ڕزگار بکات و بیپارێزێت، جگە لە پێشمەرگەکانمان، کە ئێستا لەگەڵ پێشمەرگەکانی باشووری کوردستان لە سەنگەری پێشەوەی جەنگدان و بەهەر شێوەیەک بێت، دەبێ پێشمەرگەی ڕۆژ بگەڕێتەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی گەلەکەمان پاراستووتر بیت و چی دیکە پەکەکە ناوچە کوردستانییەکان بە دەست هێج وڵات و ڕژێمێکەوە نەدات .''
kdp-
