محەمەد خورشید: سەرۆک بارزانی پشتگیری لە کەیسی ڕێبوار تاڵەبانی دەکات

محەمەد خورشید: سەرۆک بارزانی پشتگیری لە کەیسی ڕێبوار تاڵەبانی دەکات
بەرپرسی لقی 3ی پارتی لە كەركووك دەڵێت، (سەرۆك بارزانی)، خۆی لە نیزیكەوە لە ڕێی نوێنەری تایبەتی خۆی، (هێمن هەورامی)یەوە، پەیوەندیی بە (ڕێبوار تاڵەبانی)یەوە كردووە و پشتگیریی خۆی بۆ كەیسەكەی دووپات كردووەتەوە.

ڕۆژی 28ی ئادار ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك كۆ بووەوە و بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی بڕیار درا، كە ئاڵای كوردستان لە سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە حكومییەكانی پارێزگای كەركووك هەڵبدرێت. لە دژی ئەم هەنگاوەش چەند لایەنێك سكاڵایان لەسەر (ڕێبوار تاڵەبانی)، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك/ بەوەكالەت تۆكار كرد و 3ی ئەم مانگەش دادگاییكردنی لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك هەبوو، بەڵام بۆ 24ی ئەم مانگە دوا خرا.

(د. محەمەد خورشید) بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''هەر لە سەرەتای هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگای ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێكیان لە دژی دا، هەر لە سەرەتاوە پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر خەت بووە لە دژی ئەو بڕیارانە و پشتگیریی مانەوەی ئەو ئاڵایەمان كردووە بە هەموو شێوەیەك. بەم دواییەش هەندێك لە ئەندامانی بەرەی توركمانی و شیعەی توركمان لە كەركووك سكاڵایان لەسەر (ڕێبوار تاڵەبانی)، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك/ بەوەكالەت تۆمار كردووە لەسەر ئەم بابەتە. هەر لە سەرەتاوە ئێمە وەكو پارتی لە كەركووك لەسەر خەت بووین لەگەڵ (ڕێبوار تاڵەبانی).''

بەرپرسی لقی 3ی پارتی لە كەركووك ئاشكرایشی كرد: ''(سەرۆك بارزانی)، خۆی لە نیزیكەوە لە ڕێی نوێنەری تایبەتی خۆی، (هێمن هەورامی)یەوە پەیوەندیی بە (ڕێبوار تاڵەبانی)یەوە كردووە و پشتگیریی خۆی بۆ كەیسەكەی دووپات كردووەتەوە. لەگەڵ هەڤاڵانی لقی پێنجی بەغدای پارتیش قسەمان كردووە و ئەوانیش لەسەر بڕیاری نووسینگەی (سەرۆك بارزانی) پارێزەریان بۆ كەیسەكەی (ڕێبوار تاڵەبانی) دابین كردووە.''

(د. محەمەد خورشید) جەختیشی كردەوە: ''دۆسییەكە بە دۆسییەی خۆمان دەزانین و ئێمەی پارتی بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە (ڕێبوار تاڵەبانی) دەكەین، چونكە ئەمە بابەتێكی نیشتمانییە و بە هیچ شێوەیەك لێی پاشگەز نابینەوە.''
kdp-
Top