لیژنەی ئەوقاف: قسەی مەلا کامەران جیاوازی نیە لەگەڵ کردەوەی بەعسیەکان
لە بەرانبەر قسەکانی مەلا کامەران کە دوێنێ چوارشەممە لە كەناڵێكی راگەیاندندا لە دژی سەربەخۆیی كوردستان گوتبووی ئەو مامۆستا ئاینیانەی بە پرسی ڕیفراندۆمەوە دەگلێن، پەروەردەی بەعسن. ئەمڕۆ پێنجشەممە د. سیراج خەیلانی سەرۆکی لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی "یەکێ لە کارە هەرە سەرەکییەکانی هەر مامۆستایەکی ئاینی راستبێژی و حەقبێژیە، یەکێک لەوانە ئەوەیە کەوا داكۆكی لە مافی هاووڵاتی بکات، داواکاری خەڵکی خۆی پشتراست بکاتەوە، لەبەر ئەوەی مامۆستا پەیامی خوا و پێغەمبەری هەڵگرتووە، ئێمە بە دەیان ساڵە دووچاری نەهامەتی و دەربەدەری بووینەتەوە، لەو بابەتەنانەمان زۆر بەسەر هاتووە، لە جیاتی ئەوەی مامۆستای ئاینی داوای شتێک بکات، ئەو نەهامەتییە راست بکاتەوە، ماڵی شەهیدان دڵخۆش بکات، کەچی قسەکەی مامۆستا بە پێچەوانە دەبینیم".
گوتیشی "وەڵامێک بۆ کامەران عەلی، کە دەڵێ ئەوانەی پشتیوانی لە ریفراندۆم دەکەن پەروەردەی بەعسین، پێی دەڵێین ئەو کەسەی بەرگری لە ریفراندۆم نەکات بۆنی ئەوانەی لێ دێت کە کاتی خۆی ئەنفالیان دەکردین، کیمیاوییان لێ دەداین، ریفراندۆم وات لێ دەکات جارێکی دیکە ئەنفال نەکرێی، کیمیاباران نەکرێی، کیانێکت بۆ دروست دەبێت لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە پارێزراو دەبیت، قسەکانی ئەو جێی نیگەرانیە، دەبوو حەقبێژ بێ، لەگەڵ دەنگی خەڵک بن، لەگەڵ دەنگی لێقەوماون بن، نەک لەبەرەی حزبێک بن".
هەروەها رایگەیاند قسەکانی مەلا كامەران موخالەفەی دین و شەریعەتن، چونکە کاتی خۆی بەعسییەکان خەڵکی کوردستانیان ئەنفال دەکرد، ئەوان بوون لە دژی کورد و قەوارەی کورد بوون، دژی سنووری کورد بوون، ئەمرۆ ئەوەی بەرگری لە ریفراندۆم نەكات و دژی بێت، ئەوا دژی گەلی خۆیەتی، ئەی کامەران عەلی چی بە ئەنفالچییەکان دەڵێ كە زیلیان دەهێنا خەڵکی کوردیان دەخستە ناو و زیندەبەچاڵیان دەکردن؟ ئەوانیش دژی ریفراندۆم بوون، ئەوانە دژی قەوارەی کورد بوون، ئەوەی بەعس بە ڕەوای نابینێت ئەو مەلایەش بەرەوای نابینێ.
باسنیوز
