بەریتانیا کوالێتی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان بەرز دەکاتەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6/7/2017 وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و رێکخراوی بیتش کاونسڵ، پرێزنتەیشنی (بنیاتانی تواناکان لە خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی و باشترکردنی کواڵیتی و یەکسانی)یان بە بەشداری د.پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە ساز کرد.
وەزیری پەروەدەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی پرێزنتەیشنەکە، رای گەیاند: "ئێمە ئەمڕۆ لە سەرەتای ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی ستراتیژی گەورەداین سەبارەت بە پەروەردە لە ھەرێمی کوردستان، کە لەگەڵ ئەنجومەنی بەریتانی (بریتش کاونسڵ) جێبەجێی دەکەین، کە پەیوەندی بە بەرزکردنەوەی کواڵیتی و یەکسانی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان ھەیە".
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم پرۆژەیە ماوەی سێ ساڵ دەخایەنێت، ئەم پڕۆژەیە بۆ ھەموو عێراقە، بەڵام زیاتر ھەرێمی کوردستان دیاری کراوە و سوودی لێ وەردەگرێت، ھاوکات بڕی پارەی دیاریکراو بۆ پڕۆژەکە لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئەنجومەنی بەریتانی دیاری کراوە، کە 14 ملیۆن و نیو یۆرۆیە و لیرەدا بەشێکی باش بەر ھەرێمی کوردستان دەکەویت.
وەزیری پەروەردە، گوتیشی: "ئەم پرۆژەیە زیاتر جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاستی خوێندن، کواڵیتی خوێندن، ئاستی مامۆستا، سەرپەرشتیار، توێژەری کۆمەڵایەتی و ڕابەری قوتابخانەکان بەرز دەکاتەوە، ھەورەھا سوودی گەورەی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و پەککەوتەکان دەبێ، چونکە ھەموومان دەزانین بەداخەوە وەکو پێویست ئاوڕ لەم توێژەی کۆمەڵگەی کوردی نەدراوتەوە".
باسنيوز
