راوێژكارێكی سەرۆكایەتی هەرێم: با عەمار حەكیم سوپاسی ئێمە بە ئیسرائیل بگەیەنێ
كیفاح مەحمود راوێژكارێكی راگەیاندنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكیدا وەڵامی دووەمین لێدوانی حەكیمی لە دژی سەربەخۆیی كوردستان داوەتەوە، كە بۆ ورووژاندنی رای گشتیی ناوچەكە لە دژی كوردستان، پەنا دەباتە بەر ناوهێنانی دەوڵەتی ئیسرائیل وەك تاكە پشتیوانی دەوڵەتی سەربەخۆی داهاتووی كوردستان.
كیفاح مەحمود رایگەیاندووە مادام عەمار حەكیم دووپاتی كردووەتەوە كە تەنها ئیسرائیل پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستانە، با سوپاسی ئێمە بە ئیسرائیل بگەیەنێت.
راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆكایەتی هەرێم گوتوویەتی "عەمار حەكیم جاری یەكەم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە قاهیرە و جاری دووەمیش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە تاران دووپاتی كردووەتەوە كە تاكە وڵات دان بە سەربەخۆیی كوردستاندا بنێت، وڵاتی ئیسرائیلە، بەڵام پێویستە حەكیم باشتر لە هەڵوێستەكانی ئیسرائیل ورد بێتەوە".
هەروەها ئاماژەی بەوە داوە "مادام عەمار حەكیم لە هەمووان باشتر ئاگەداری هەڵوێستەكانی ئیسرائیلە، داوا لە بەڕێزیان دەكەین سوپاسی ئێمە بە دەوڵەتی ئیسرائیل بگەیەنێت".
باسنيوز
