عەشیرەتە عەرەبەکانی کەرکووک: هەموومان لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستانداین و تەنیا پێشمەرگەی پاڵەوان و هاووڵاتییانی کەرکووک دەپارێزێت“

 عەشیرەتە عەرەبەکانی کەرکووک: هەموومان لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستانداین  و تەنیا پێشمەرگەی پاڵەوان و هاووڵاتییانی کەرکووک دەپارێزێت“
سەرۆک هۆز و شێخە عەرەبەکانی پارێزگای کەرکووک جەخت لە کوردستانیبوونی شارەکە دەکەنەوە و رایدەگەیەنن، کە لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندان.



ئەو سەرۆک هۆزانە، کە عەرەبی رەسەنی کەرکووکن، کە قسەیان بۆ (کوردستان 24) کردووە، ئاماژەیان بەوە کردووە، کە پشتگیریی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن و ئەوان بەشێکن لە پێکهاتەکانی کوردستان.



لەبارەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیشەوە، سەرۆک هۆزە عەرەبەکان باس لەوە دەکەن، کە پێشمەرگە پاڵەوانە و چەندین شەهیدی داوە بۆ پاراستنی هەموو هاووڵاتییانی کەرکووک بە کورد، عەرەب، تورکمان و مەسیحییەوە.



لە کاتی داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، سوپای عێراق لە کەرکووک هەرەسی هێنا و شارەکەی تووشی مەترسیی داگیرکردن کرد، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان شارەکەیان پاراست و رێگایان لە چەکدارانی داعش گرت شارەکە داگیر بکەن.



پێشتر لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.




باسنیوز و كوردستان 24
Top