ژینگە كارتێكی گەشتیاری بەهێزی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەبێت
لەم كۆڕبەندەدا زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا بابەتێك لەبارەی ژینگەی كوردستان پێشكەش دەكات و تیایدا باسی لەوە كردووە كە لە ڕووی ژینگەی سروشتیەوە، هەرێمی كوردستان زۆر دەوڵەمەندە، بێگومان کوردستانی سەربەخۆ دەیەوێ سوود لەم کارتە براوەیە وەربگرێ بۆ دانیشتووانی هەرێمەکە و لە هەمان کاتدا بۆ ئەوەی ببێتە ئامانجێکی سەرەنجڕاکێش بۆ گەشتیارانی جیهانیش.
لە بەشێکی تری بابەتەکەدا، زیاد ڕەئوف باسی هەڕەشەکانی بەردەم ژینگەی کوردستانی کردووە، لەوانەش کاریگەری کردە سەربازییەکانی سوپای عێراق لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا لە شەڕ و چاندنی مین و پیسکردنی ژینگەكە بە گازی کیمیاوی، لەگەڵ ئەو پاڵێوگانەی کە ستانداردەکانی پاراستنی ژینگە ڕەچاو ناکەن، هەروەها زۆربوونی ڕێژەی زبڵ و پاشماوەکان و کێشەی پیسبوونی هەوا.
نوێنەری حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەو دەستپێشخەرییە پۆزەتیڤانەیەش کردووە کە لەپێناو پاراستنی ژینگە ئەنجام دراون، لەوانە پڕۆگرامی پاراستنی ئاژەڵی کێوی (لەوانە ورچ و پڵنگی چیایی)، زۆربوونی ژمارەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بۆ پاراستنی ژینگە، هەروەها گرنگیدانی زۆرتر بە پارك و ناوچە سەوزاییەکان لە شارە گەورەکانی کوردستان.
هەروەها ئەوەشی باس كردووە كە هەرێمی کوردستان پێویستی بە سوود وەرگرتن هەیە لە ئەزموونەکانی وڵاتی پۆڵۆنیا لە بوای پاراستنی ژینگەدا، بەتایبەتی سوود وەرگرتن لە کۆمپانیا پۆڵۆنییەکان، ئەوانەی کار لە بواری وزەی نوێبووەوە و ریسایکلین و پاكکردنەوەی زێرابەکان دەكەن.
bas news-
