عارف ڕووشدی: هەندێ قەڵەمبەدەست و سیاسیی هەرزەکار، نوێنەرایەتیی داگیرکاران دەکەن

عارف ڕووشدی: هەندێ قەڵەمبەدەست و سیاسیی هەرزەکار، نوێنەرایەتیی داگیرکاران دەکەن
(عارف رووشدی) سیاسەتوان و چاودێری سیاسی باوەڕی وایە، تا دەوڵەتی کوردستان دانەمەزرێت، بنبڕکردنی گەندەڵی و ناعەدالەتی، بەرقەراربوونی سەروەریی یاسا و گەشەکردنی دیموکراسی ناچەسپێن و دەڵێ، لە لایەن هەندێ قەڵەمبەدەست و سیاسیی هەرزەکارەوە یارییان پێ دەکرێت.

(عارف رووشدی) لەژێر ناوی "دەوڵەتی خەڵکی کوردستان، هەڵتەکێنەری گەندەڵکاری و نایەکسانییە"، لە ڕۆژنامەی هەولێردا وتارێکی بڵاو بووەتەوە و نووسیویەتی "تا دەوڵەتی کوردستان دانەمەزرێت قسەکردن لە بارەی (بنبڕکردنی گەندەڵی و ناعەدالەتی) تەنها وتەیەکی رووتی بێ مانا دەمێنێتەوە، تا دەوڵەتی خەڵکی کوردستان لە ریزبەندی وڵاتاندا ناوزەد نەبێت، (بەرقەراربوونی سەروەریی یاسا و گەشەکردنی دیموکراسی) دەستەواژەیەکی بریقەدار دەبێت و، لە لایەن هەندێ قەلەمبەدەست و سیاسیی هەرزەکارەوە یاریی پێ دەکرێت."

بەرپەرچدانەوەی دوو نووسەر بە ناوەکانی (مەریوان وریا قانع و ئاراس فەتاح)، لە لایەن گەنجانی کەلارەوە کە کەسوکاری ئازاردیتەی ڕژێمە یەک لە دوایەکەکانی عێراق بوون، بەشێکی زۆری مێدیای باشووری کوردستانی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە تەنیوە.
بەگوێرەی زانیاریی مێدیایی، ئەو دوو نووسەرە، لە کۆڕێکیاندا دژی پڕۆسەی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆییی باشووری کوردستان قسەیان کردووە و بە ویستی خۆیان لە هەوڵی شێواندنی مێژووی خەباتی گەلی کوردستاندا بوون.
ئەم وتارەی (ڕووشدی)ـیش ڕێک بە دوای ئەم جۆرە هەوڵانەدا دێ کە کە لێرەولەوێ، بە هەر پاساوێک بێ، دەیانەوێ کاریگەریی بۆچوون و خواستەکانیان، کە کوردستانی نین، دەرخواردی خەڵکی بدەن.
(عارف رووشدی) لەبارەی دەوڵەتەوە هەروەها نووسیویەتی "دەوڵەت سەرچاوەی پاراستنی سەروەریی کۆمەڵگا و مرۆڤاکانە، بۆیە خەڵکی ئازادی کوردستان لەو باوەرەدایە، چارەنوسیان بەستراوە بە لەدایکبوونی دەوڵەتەکەیانەوە."

ئەو جەخت دەکاتەوە لەوەی کە (دژبەرانی یاساسەروەری، چاکسازی و خۆشگوزەرانیی چینە ماندوونەناسەکان و مامناوەند)، تا پێیان بکرێت بە بروبیانووی بێ واتا، دژایەتیی پرۆسەی دروستبوونی دەوڵەتی خەڵکی کوردستان دەکەن.
ئەو لەو وتارەیدا کە لە ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی هەولێردا بڵاو بووەتەوە، هەندێ نووسەر بێ ئەوەی ناویان ببات، دەداتە بەر ڕەخنە و دەڵێ،
"بەداخەوە هەندێ قەڵەمبەدەستی (ملکەچ و پیاوانی دەربارەکان)، بە هەموو توانایەکیانەوە قەڵەمە لەرزۆکەکانیان خستووەتە گەڕ و لە هەندێ سایت و تیڤییەکاندا، هەڵمەتێکی ئابڕوبەرانەیان بە نوێنەرایەتیی داگیرکەرانی کوردستان دژ بە پرۆسەی دیموکراسی (ڕیفراندۆم) بەرپا کردووە، بە هەموو خەیاڵی نەخۆشیانەوە، وا دەزانن دەتوانن بەر بە خۆری ئازادیی گەلەکەمان بگرن، بەڵام ڕەوڕەوەی مێژوو بە زەبروزەنگی ملهوڕان و نامەردیی دەستوپەیوەندەکانیان رانەگیراوە و ڕاناگیرێت،.. ".

kdp-
Top