لە پۆڵۆنیا پرسی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ژینگەناسیدا خرایە ڕوو

 لە پۆڵۆنیا پرسی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ژینگەناسیدا خرایە ڕوو
(زیاد ڕەئوف)، وەکو میوانێکی تایبەت لە کۆڕبەندی شارەزاییی وزە و ژینگە لە شاری زاکۆپانێ Zakopane بەشدار بوو، کە تەرخان کرابوو بە پاراستنی ژینگە لە پۆڵۆنیا و جیهان و، تێیدا بابەتێکی بە شێوەی پرێزێنتەیشن پێشكەش کرد، بە ناوی ''ژینگەی هەرێمی کوردستان – هەڕەشەکان و دیاردە پۆزەتیڤەکان''.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بابەتەکەی بەوە دەست پێ کرد کە هەرێمی کوردستان لە ڕووی ژینگەی سرووشتییەوە زۆر دەوڵەمەندە و، بێگومان کوردستانی سەربەخۆ دەیەوێت سوود لەو کارتە براوەیە وەربگرێت بۆ دانیشتوانی هەرێمەکە و هاوکات ببێتە ئامانجێکی سەرنجڕاکێش بۆ گەشتیاران لە هەموو جیهانەوە. لە بەشێکی تری بابەتەکەیدا (زیاد ڕەئوف) باسی هەڕەشەکانی بەردەم ژینگەی کوردستانی کرد؛ لەوانە کاریگەریی کردە سەربازییەکانی سوپای عێراق لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، وەک شەڕ و چاندنی مین و پیسکردنی ژینگە بە گازی کیمیاوی و، ئەو پاڵاوگانەی کە ستانداردەکانی پاراستنی ژینگە ڕەچاو ناکەن، هەروەها زۆربوونی ڕێژەی زبڵ و پاشماوەکان و کێشەی پیسبوونی هەوا.

جگە لە باسی هەڕەشەکان، نوێنەری حکوومەت ئاماژەی بەو دەستپێشخەرییە پۆزەتیڤانەش کرد کە لە پێناوی پاراستنی ژینگەدا کراون؛ لەوانە پڕۆگرامی پاراستنی ئاژەڵی کێوی (وەک ورچ و پڵنگی چیایی)، زۆربوونی ژمارەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بۆ پاراستنی ژینگە، هەروەها گرینگیدانی زۆرتر بە پارك و ناوچە سەوزاییەکان لە شارە گەورەکانی کوردستان.

(زیاد ڕەئوف) ئاماژەی دا، کە هەرێمی کوردستان پێویستی بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی وڵاتی پۆڵۆنیا لە بوای پاراستنی ژینگەدا هەیە، هەروەها سوودوەرگرتن لە کۆمپانیا پۆڵۆنییەکان، ئەوانەی لە بواری نوێبوونەوەی وزەدا کار دەکەن، ڕیسایکلین و پاكکردنەوەی زێرابەکان.

بەشداربوون لە کۆڕبەندی EKOZAKOPANEدا دەرفەتێك بوو بۆ (زیاد ڕەئوف) تا گفتوگۆ لەگەڵ بەشداربووانی تری کۆنفڕانسەکەدا بکات، لەوانە پەرلەمانتاران، نوێنەرانی دەسەڵاتی خۆجێیی، ڕێکخراوە ژینگەییەکان و خاوەنی کۆمپانیاکان. شایانی باسە پڕۆگرامێکی هەمەڕەنگی کولتووری و پێشانگا لە بۆنەکەدا ئامادە کرابوو.
kdp-
Top