محەمەد ئیلخانی: شەممەی دابێ بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی نوێنەرە دەستنیشانکراوەکانی ڕیفراندۆم کۆ دەبنەوە

 	 محەمەد ئیلخانی: شەممەی دابێ بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی نوێنەرە دەستنیشانکراوەکانی ڕیفراندۆم کۆ دەبنەوە
نوێنەرێکی دەستنیشانکراوی تورکمان بۆ پرسی ڕیفراندۆم دەڵێت، شەممەی دابێ، بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نوێنەرە دەستنیشانکراوەکانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی ڕیفراندۆم کۆ دەبنەوە.

زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هەرێمی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی 7/6/2017دا، به‌ سه‌رپه‌رشتیی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریان دا، له‌ 25/9/2017دا ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان ئه‌نجام بدرێت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان‌ نوێنه‌ری خۆیان بۆ ئه‌و پرسه‌ ده‌ستنیشان بكه‌ن. ئێستا تەواوی لایەنە سیاسییەکان نوێنەری خۆیان دیاری کردووە، تەنیا کۆمەڵ و بزووتنەوەی گۆڕان نەبێت.

نوێنەری دەستنیشانکراوی ڕیفراندۆم لە پێکھاتەی تورکمان، (محەمەد ئیلخانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیارە ڕۆژی شەممە لیژنەی ڕیفراندۆم لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆ بێتەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ ڕیفراندۆم دەکرێت، چونکە پێشتر کۆبوونەوەیەک لەگەڵ نوێنەری وڵاتان کراوە و ئەمجارە کۆبوونەوەیەک بۆ ئامادەکارییەکان دەکرێت.''

(محەمەد ئیلخانی) گوتی: ''لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە دروستکردنی شاندێک دەکرێت بۆ ئەوەی لەبارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکات و جگە لەوەش، سەردانی وڵاتانی دراوسێ و ئەورووپا و ئەمەریکا بکات.''

(محەمەد ئیلخانی) گوتیشی: ''لەو کۆبوونەوەیەدا ھەموو ئەو لایەنانە بەشدار دەبن، کە نوێنەریان بۆ کۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاری کردووە.''

هەر پێوەست بەم پرسە، سکرتێری پارتی کرێکاران ‌و رەنجدەرانی کوردستان (باپیر کامەلا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ئێمەش وەکو پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان نوێنەری خۆمان دیاریکردووە و لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی لیژنەی ریفراندۆم لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئامادە دەبێت.
kdp-
Top