شارەزایەکی یاسا: دەستوەردان لە دادگای ئیتیحادیی عێراقدا دەکرێت

شارەزایەکی یاسا: دەستوەردان لە دادگای ئیتیحادیی عێراقدا دەکرێت
شارەزایەکی یاسا پێی وایە دادگای ئیتیحادیی عێراق بێلایەنیی خۆی لەدەست داوە و لە زۆر پرسی گرینگی وەک پێشێلکردنی دەستووری عێراقدا ھیچ ڕۆڵێکی نەبووە.

(کەریم بەحری)، شارەزایی یاسا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دادگای باڵای ئیتیحادیی عێراق متمانەی خۆی لەدەست داوە، چونکە دەستوەردان لە کاروباری دادگادا دەکرێت و لە زۆر پرسی گرینگ و پێشێلکاریی دەستووری عێراقدا بێدەنگە، چەندین جار بەغدا بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان دەستووری پێشێل کردووە، کەچی دادگای ئیتیحادی، کە تەنیا ئەرکی چاودێریکردنی دەستووری عێراقە، ھەڵوێستی نەبووە، ئەوەش بووەتە ھۆکاری ئەوەی لایەنەکان باوەڕیان بەو دادگایە لاواز بێت، لەبەر ئەوەی پێویستە دادگای ئتیحادی، ئەرکی خۆی بەجێ بێنێت و دەستەوەستان نەبێت، لە ھەمبەر ئەوەیدا کە بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان دەکرێت.''

ئەو شارەزایەی یاسا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ھەر بە ھۆی لەدەستدانی سەرەبەخۆنەبوونی دادگای ئیتیحادی، ھەرێمی کوردستان لە زۆر پرسدا پەنای نەبردە بەردەم دادگا؛ لەوانەش جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، کە بە گوێرەی یاسا و دەستوور پێویست بوو تا ٣١/١٢/٢٠٠٧ بەغدا ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکات، ئێستاش ئەگەر دادگا ڕۆلی خۆی بگێڕێت، ھەرێم دەتوانێ سکاڵا لەسەر (نووری مالیکی) و حکوومەتی عێراق تۆمار بکات.''

لەبارەی بانگھێشتکردنی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ دادگا، (کەریم بەحری) گوتی: ''تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر (ڕێبوار تاڵەبانی)، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لە لایەن ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنەوە زیاتر کێشەیەکی سیاسییە، نەک شەخسی، چونکە ئەوان داوا لە دادگا دەکەن بڕیاری ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک بەتاڵ بکرێتەوە و کاری پێ نەکرێت، بەڵام ئەمە پێویستە نوێنەرانی کوردستان لە بەغدا ھەڵوێستیان ھەبێت و ڕێ بەوە نەدەن، ھیچ بڕیارێکی دیکە دەربچێت، کە پێچەوانەی بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بێت.''
kdp-
Top