حەسەن شام.. ماڵێک بۆ منداڵانی بێباوک کرایەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 5/7/2017، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەدرێژەی کارە خێرخوازییەکانیدا، شانبەشانی ھاوکاریکردنی بەردەوامی کەمپی ئاوارەکان، بەشێوەیەکی بەردەوام ھاوکاری منداڵانی بێباوک و بێسەرپەرشتانی ئاوارە دەکات، لەو میانەشدا بەھاوکاری خێرخوازێک ماڵێک بۆ 370 منداڵی بێباوک دروست کرد.
لە رێوڕەسمێکدا
بە ئامادەبوونی نەوزاد ھادی، پارێزگاری ھەولێر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی و مامۆستایانی ئایینی، لەژێر ناونیشانی (ماڵێک بۆ ھەمووان) خانەی بێسەرپەرشتان و منداڵانی بێباوک لە کەمپی حەسەن کرایەوەو تێیدا 370 منداڵ لەو ماڵەدا کۆ دەکرێنەوە و رۆژانە جگە لە خزمەتکردنیان، شوێنی پەروەردەو فێرکردنیشیان دەبێت.
ھەروەھا لەگەڵ کردنەوەی ئەو بنکەیەدا، لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە ژمارەیەک کارمەندی بەمەبەستی خزمەتکردنی ئەو منداڵانەی کە ھیچ کەسوکارێکیان بەھۆی شەڕەوە نەماو و گیانیان لەدەست داوە تەرخانکراوە، لەگەڵ دابینکردنی شوێنی نوستن بۆیان، ھاوکات بۆ پەروەردەکردنیان مامۆستای وانەوتنەوەیان بۆ تەرخانکراوە، کە رۆژانە وانەی تایبەتیان لەڕووی دەروونی و پەروەردەییەوە پێشکەش دەکرێت.
