پەرلەمانتارێکی پێشووی گۆڕان: دانانی سروە عەبولواحید وەک سەرۆکی فراکسیۆن یارییەکی مالیکییە
کاروان ساڵح، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دانانی سروە عەبدولواحید وەک سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ”پێچەوانەی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی گۆڕانە“.
کاروان ساڵح، کە لەماوەی پەرلەمانتارییەکەیدا دەستی لە گۆڕان کێشایەوە، پێیوایە گۆڕان لە دیاریکردنی سروە عەبدولواحید وەک سەرۆکی فراکسیۆن دوو ئامانجی هەبووە، کە بریتین لە ”زیاتر دژایەتیکردنی پارتی لە بەغدا و وەستانەوە بەرامبەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان“.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی کوردستان پێیوایە گۆڕینی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە کاوە محەمەدەوە بۆ سروە، ”یارییەکی نوری مالیکییە“، کە دەیەوێ لەو رێگایەوە لە دژی هەرێمی کوردستان بیکات.
سروە عەبدولواحید بە ئاشکرا دژایەتیی خۆی بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان راگەیاندووە و پێشتریش لە بەرنامەیەکی کەناڵێکی عێراقی، سووکایەتیی بە هاوسەر و دایکی شەهیدانی پێشمەرگە کرد و بە ”لەشفرۆشی“ تۆمەتباری کردبوون.
نوری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بە یەکێک لە نەیارە سەرسەختەکانی مافەکانی گەلی کوردستان هەژمار دەکرێت و لەسەردەمی سەرۆک وەزیرانیی ئەودا و بە بڕیاری ئەو، بەشەبودجەی کوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بڕدرا.
باسنیوز
