کۆبوونەوەکانی ئەستانە بۆ چارەسەری شەڕی ناوخۆیی سووریا بەردەوامە
رۆژی سێشەممە 4.7.2017، کۆبوونەوەکانی ئەستانە 5 دەستی پێ کرد و ئەمڕۆ چوارشەممەش کۆبوونەوەکان بە بەشداریی هەموو لایەنەکانی سووریا بە ئۆپۆزیسیۆنی چەکداریشەوە، بەردەوامە.
ئەنوار جایناکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کازاخستان رایگەیاندووە، کاتژمێر 4ـی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەکان دەست پێ بکەنەوە.
ئەنوار جایناکۆڤ هەروەها رایگەیاندووە، لە دوێنێوە کۆبوونەوەکان دوو قۆڵی بوون و تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیش ”دیاریکردنی سنووری ئەو ناوچانە بوون، کە بڕیارە تێیاندا ئاگربەست رادەگەیەندرێت“.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کازاخستان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە رۆژی دووەمی ئەستانە 5، نوێنەری رژێمی سووریا و ئۆپۆزیسیۆن بە ئگرووپە چەکدارییەکانی بەرەی باکوور و باشووری سووریاشەوە، بەشداریی دەکەن.
تاوەکو ئێستا چوار خولی کۆبوونەوەکان لە ئەستانە بە سەرپەرشتیی تورکیا و رووسیا لەنێوان ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریا بەڕێوەچوون.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 400 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.
باسنیوز
