حکوومەتی هەرێمی کوردستان: داوا لە ئەمریکا دەکەین لە سەربەخۆییدا هاوکاریمان بکات
لە میانی ئاهەنگی کۆمەڵەی دۆستایەتیی ئەمریکا و کوردستان لە رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکادا، فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، حکوومەتی عێراق خواستی گەلی کوردستانی بۆ پێکەوەژیان رەت کردووەتەوە.
فەلاح مستەفا بە ئاماژەکردن بەوەی هەرێمی کوردستان دەیەوێ دەرفەتێک بە گەلی کوردستان بدرێ لە ریفراندۆمێکدا داهاتوو و چارەنووسی خۆی دیاری بکات، داوای لە گەل و حکوومەتی ئەمریکا کرد، لە پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستاندا هاوکاریی گەلی کوردستان بکات.
هەر لە رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکادا، جەنەڕال ئێرنی ئۆدینۆ، جەنەڕالی خانەنشینی ئەمریکا لە پۆستێکدا لەلاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، رایگەیاندووە، سەربەخۆیی ”هەرگیز نادرێ، بەڵکو دەبێ بستێندرێ“.
جەنەڕال ئێرنی ئۆدینۆ وەڵامی ئەو کەسانەی داوەتەوە، کە دەڵێن ئێستا کاتی سەربەخۆیی کوردستان نییە و رایگەیاندووە، ”مێژوو وەڵامی ئەوە دەداتەوە، کە هیچ کاتێک باشترین کات نییە بۆ سەربەخۆیی“.
ئەو فەرماندە سەربازییەی پێشووی ئەمریکا پێیوایە نوێترین دەوڵەتی داهاتووی جیهان دەوڵەتی کوردستان دەبێت و نووسیویەتی، چاوەکانتان بۆ بینینی دەوڵەتی کوردستان بکەنەوە.
پێشتر لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
باسنیوز
