پارتی کۆمۆنیستیی کرێکاری: سەربەخۆیی کوردستان مەترسییەکانی شەڕی نەتەوەیی دەڕەوێنێتەوە

 پارتی کۆمۆنیستیی کرێکاری: سەربەخۆیی کوردستان مەترسییەکانی شەڕی نەتەوەیی دەڕەوێنێتەوە
پارتی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەیاننامەیەک لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەردەکات و تێیدا رایدەگەیەنێت، کە سەربەخۆیی کوردستان مەترسییەکانی شەڕی نەتەوەیی لە ناوچەکە دەڕەوێنێتەوە.



بەپێی بەیاننامەکە، پارتی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان رایدەگەیەنێت، حکوومەتە داپڵۆسێنەرەکانی عێراق ستەمێکی زۆری نەتەوەییان لە گەلی کوردستان کردووە کوردزمانانیان بە هاووڵاتیی پلە دوو داناوە.



پارتی کۆمۆنیستی کرێکاری پێیوایە باشترین هۆکار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و رێگرتن لە دروستبوونی شەڕی نەتەوەیی لە نێوان عەرەب و کورد، گەڕانەوەیە بۆ رای گەلی کوردستان و ”ئەنجامدانی ریفراندۆم و دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان“.



ئەو حزبە کۆمۆنیستییە داوا دەکات ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەموو ناوچە کوردستانییەکان و لە رەوشێکی لەباردا ئەنجام بدرێ، تاوەکو هاووڵاتییان بە ئاسوودەیی و ئارامی رای خۆیان لەبارەی ئاییندە و چارەنووسی خۆیان بدەن.



پارتی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان داوا لە هاووڵاتییانی کوردستان لە ریفراندۆمدا دەنگ بە (بەڵێ) بدەن و پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستان بکەن و دەنگ بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک بدەن، کە تێیدا هاووڵاتییان بە جیاوازیی ناسنامە نەتەوەیی و ئایینییەکانیانەوە یەکسان بن.



پێشتر لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.




باسنيوز
Top