داواکاری گشتی: پێویستە خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند داکۆکی لە مافەکانیان بکەن
ماوەی چەند ساڵێکە زیاتر لە 10 ھەزار ھاووڵاتی پکشیان لە پڕۆژەی گەشتیاری چاڤی لاند کڕیوە، بەڵام تائێستا ھیچ خاوەن پشکێک لەداھاتی ئەو پڕۆژەیە سوودمەند نەبووە، پارێزەری خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند، رای دەگەیەنێت کە سکاڵا دژی شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی نالا تۆمارکراوە.
جەمال حەمە ڕەشید، پارێزەری خاوەن پشکەکانی پڕۆژەی گەشتیاری چاڤی لاند، لەلێدوانێکدا بە راگەیاند: "نزیکەی 10 ھەزار ھاووڵاتی پشکی لە پڕۆژەی چاڤی لاند کڕیوە، بۆ ئەوەی قازانجێک لەو پڕۆژەیەدا بکەن، بەڵام ماوەی چەند ساڵێک ھیچ کەسێک قازانجێکی ئەو تۆی لە پڕۆژەکەدا نەکردووە، لەکاتێکدا پێشتر لەکاتی پڕکردنەوەی فۆڕم بەسەر کڕیارانی خاوەن پشکەکاندا، باس لە قازانجێکی زۆر دەکرا، بەڵام بەداخەوە بەھۆی فرت و فێڵەوە خاوەن پشکەکان جگە لەزیان ھیچ قازانجێکیان لە داھاتی ئەو پڕۆژە نەکردووە".
پارێزەری خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند، ئەوەشی خستەڕوو: "سکاڵای یاسایی دژی شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی نالیا تۆمارکراوە، کەیسەکە لای دادگایە بەپێی یاسا دەبێت ئامادەیی دادگا بێت، بۆئەوەی مافی خاوەن پشکەکان بگەڕێنێتەوە".
ئاشکراشی کرد: "30 ملیار دینار بە شاسوار عەبدولواحید دراوە، بەڵام ئەو ئامادە نییە پارەی ئەو خەڵکە بداتەوە، بۆیە ھیچ خاوەن پشکێک لەمافی خۆی خۆش نابێت و دەبێت خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی نالیا بەشێوەی کاش ئەو پارەیە بە خاوەن پشکەکان بداتەوە".
لەم بارەوە، حاکم بەختیار عەلی، بەرپرسی فەرمانگەی داواکاری گشتیی سلێمانی، لەلێدوانێکد گوتی: "ئەم بابەتە بابەتی مافی کەسیە ئەمە کەیسێک بوو لە دادگا، بەڵام دادگایی لێکۆڵینەوە کەیسەکەی داخستووە، دواجار خاوەن پشکەکانیش دووبارە سکاڵایان کردووە".
بەرپرسی فەرمانگەی داواکاری گشتی، جەختیشی لەوە کردەوە: "ئەم مافە مەدەنیانە ئەبێت کەسەکان خۆیان داکۆکی لەکەیسەکانیان بکەن و پارێزەر بگرن، بە پێی یاسا ئەو کەسانەی پەیوەندی بەقەرز و پارە ھەیە، لەنێوان دوو ھاووڵاتی یان ھاووڵاتییەک و کۆمپانیاییەک، ئەرکی داواکاری گشتی نییە لەم بابەتانە تەداخول بکات، چونکە ئەمە وەک کەیسی کوشتن نییە".
bas news-
