توركیا دەیەوێ بە 70 رۆژ ده‌ست به‌سه‌ر عه‌فریندا بگرێت

توركیا دەیەوێ بە 70 رۆژ ده‌ست به‌سه‌ر عه‌فریندا بگرێت
توركیا ماوه‌ی 2 هه‌فته‌ ده‌بێت بۆردومانی عه‌فرین ده‌كات، ئه‌مه‌ش وای كردووە میدیاكان به‌دواداچوون بۆ ئه‌و بۆردومانه‌ بكه‌ن، ئێستە ده‌ركه‌وتووە توركیا ده‌یه‌وێ عه‌فرین بخاته‌ ژێر ركێفی خۆیه‌وه‌ و لە ئۆپەراسیۆنێكدا بەناوی خەنجەری فورات بە 70 رۆژ دەست بەسەر شارەكەدا بگرن.


ئه‌گه‌رچی تا ئێستە به‌ فه‌رمی توركیا راینه‌گه‌یاندووه‌ كە دەیەوێ په‌لاماری عه‌فرین بدات، به‌ڵام شڕۆڤه‌كارانی بواری سه‌ربازی نیه‌تی توركیا له‌م رووه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كه‌ن.


ئانتۆن مارداسۆف له‌ وتارێكیدا كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ رۆژنامه‌ی (سڤۆبۆدنایه‌)ی رووسی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، ئاشكرای ده‌كات كه‌ توركیا به‌ هاوكاری رووسیا ده‌چێته‌ ناو عه‌فرینه‌وه‌.


بەگوێرەی نووسه‌رەكە، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك كۆماری توركیا، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ سه‌رگه‌ی شۆیگو وه‌زیری به‌رگری رووسیا باسیان له‌ ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین كردووه‌. دوای ئه‌وه‌ی یه‌په‌گه‌ له‌ ئه‌مریكا نزیك بووه‌وه‌ و رووسیا ناچار كرا له‌ عه‌فرین بكشێته‌وه‌، بۆیه‌ رووسیا ده‌یه‌وێت له‌ عه‌فرین پاڵپشتی توركیا بكات بۆ وه‌ده‌رنانی یه‌په‌گه‌.


نووسه‌ر به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ستی كه‌وتووه‌، ده‌ڵێ ناوی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ خه‌نجه‌ری فوراتە، هه‌روه‌ها پێشبینییان كردووه‌ كه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ 70 رۆژ بخایه‌نێت.
bas news-
Top