دڵشاد شەعبان: ھەرێمی کوردستان راستەوخۆ نەوتی نەفرۆشتووە تا بیگەڕێننەوە

دڵشاد شەعبان: ھەرێمی کوردستان راستەوخۆ نەوتی نەفرۆشتووە تا بیگەڕێننەوە
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، دەنگۆی ڕاگرتن و گێڕانەوەی کەشتییەک کە نەوتی ھەرێمی کوردستان بار کردووە، ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت، ھەرێمی کوردستان راستەوخۆ نەوت نافرۆشێ تا بیگەڕێننەوە و تا سێ ساڵی دیکە خاوەندارێتیی فرۆشتنەکەی بۆ کۆمپانیای روسنەفتە.

رۆژی سێشەممە 21-2-2017، لە پەراوێزی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی هەفتەی نەوتی لەندەن، گرێبەستێک لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رووسنەفت کە نیوە زیاتری حکومەتی رووسیا خاوەنداریی دەکا، واژۆ کرا. بەپێی گرێبەستەکە، کۆمپانیای رووسنەفت بۆ ماوەی سێ ساڵ (2017، 2018 و 2019 ) نەوتی هەرێمی کورستان دەکڕێت.

(دڵشاد شەعبان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "ھەرێمی کوردستان گرێبەستی کڕینی نەوتی لەگەڵ روسنەفت ئیمزا کردووە، بۆیە کە ھەرێمی کوردستان نەوتی خۆی بە ئەوان دەدات ئیتر پەیوەندی بە ھەرێمەوە نامێنێت و ئازادن بۆ کوێی دەبەن و دەبێتە مڵکی ئەوان، خۆی عێراقیش بە ھەمان شێوەی ئێمە نەوتی خۆی دەفرۆشێت، ئینجا کە درا بە کۆمپانیاکان ئەوان ھیچ پەیوەندییان پێوەی نامێنێت و کۆمپانیاکان خۆیان کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکەن لە وڵاتان."

لە مێدیاکاندا وا بڵاو کرایەوە کە، حكوومه‌تی‌ عێراق سكاڵایه‌كی‌ یاسایی له‌ دژی‌ فرۆشتنی‌ كه‌شتییەکی‌ نه‌وتی کوردستانی‌ له‌ دادگایەکی‌ كه‌نه‌دا تۆمار كردووە، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش دادگا‌كە‌ فه‌رمانی‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی‌ كه‌شتییه‌كه‌ی‌ ده‌ركردبوو، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ كه‌شتییه‌كه‌ به‌ره‌و زه‌ریای‌ ئه‌تڵه‌سی‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

(شەعبان) لەوبارەوە گوتی، "ھەرێمی کوردستان راستەوخۆ نەوتی نەفرۆشتووەتە ھیچ وڵاتێک و نەک ئێمە ھیچ وڵاتێکیش ئەوکارە ناکات، ھەمووی لە ڕێگەی کۆمپانیاکانەوە دەفرۆشرێت، ئینجا دوای فرۆشتی بۆ ئاسیا یاخود ئەمەریکا یان ھەر وڵاتێکی دیکە بچێت شتێکی ئاساییە."


جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ده‌شڵیت، "سکاڵاکەی حکوومەتی عێراق لەسەر ھەرێمی کوردستان وەکو ئەو سکاڵایە دەبێت کە لە ساڵی ٢٠١٤ لەسەر ئێمە تۆماریان کردبوو و، بۆیە ھیچ کاریگەری نابێت."

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، بەپێی پرەنسیپەکانی دەستووری عێراق ئەنجام دەدات کە تێیدا هاتووە نەوت و غاز لە هەموو هەرێم و پارێزگاکاندا مڵکی هەموو خەڵکی عێراقە. بەپێی ماددەی 112ی دەستوور، حکوومەتی فیدراڵی پێکەوە لەگەڵ حکوومەتەکانی پارێزگا و هەرێمە بەرهەمهێنەرەکاندا نەوت و غاز لە کێڵگەکانی ئێستادا بەڕێوە دەبەن، بە مەرجێک حکوومەتی فیدراڵی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە داهاتەکان دابەش بکاتەوە.

پشتبەستوو بەم بڕگە دەستوورییەی سەرەوە، حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ ساڵی 2014 ـه‌وه‌ به ‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ نه‌وتەکەی ده‌فرۆشێت، دیارە کە چەندان جار حكوومه‌تی عێراق سكاڵای له‌ دژی كڕیارانی نه‌وتی هه‌رێم گرتووه‌ته‌به‌ر، بەڵام بێئاکام بووە.

(دڵشاد شەعبان) جەخت دەکاتەوە، "با ھەموو دنیا بزانێت نەوتی ھەرێمی کوردستان ئێستا لە وڵاتانی ئاسیا و ئەورووپا و وڵاتان ھەیە، بەڵام ھەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیاکان کە نەوتیان پێدەفرۆشرێت رەوانەی دەکات، با ھەمووانیش ئه‌وه‌ بزانن کە تاوەکو سێ ساڵی دیکە نەوتی ھەرێمی کوردستان بە کۆمپانیای روسنەفت فرۆشراوە."
kdp-
Top