سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە 7 کۆنسووڵی وڵاتانی عەرەب کرد
ئهمڕۆ سێشەممە 4ـی7ـی2017، لە سەلاحەددین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە کۆنسووڵی گشتیی وڵاتانی شانشینی سعوودیە، ئوردن، میسر، ئیمارات، فەلەستین، کوەیت و سودان، لە هەرێمی کوردستان كرد.
لە دیدارەکەدا کە بە ئامادەبوونی (فەلاح مستەفا) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوە چوو، شاندی میوان دەستخۆشییان لە (سەرۆک بارزانی) و پێشمەرگەی کوردستان کرد بۆ سەرکەوتنیان لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ، هاوخەمیی خۆیشیان لەگەڵ خانەوادەی شەهیدانی پێشمەرگە دەربڕی و هیوای چاکبوونەوەیان بۆ بریندارەکان خواست. هەروەها ڕێز و پێزانینی زۆریان بۆ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی کە لە دۆخی قورسی شەڕ و قەیرانی ئابووریدا پێشوازییان لەو ژمارە زۆرەی پەنابەران کردووە و ئاسایش و پێداویستییەکانی ژیانیان بۆ دابین کردوون.
هەر لە دیدارەکەدا باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی لە کوردستان، داوایان لە (سەرۆک بارزانی) کرد بەرچاوڕوونییان بداتێ سەبارەت بە داهاتووی پارێزگای مووسڵ دوای ئازادکردنی، لەو بارەیەوە (سەرۆک بارزانی) ڕوونی کردەوە کە قۆناغی دوای داعش زۆر هەستیارە و پێویستە ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەو زەمینەیە بگیرێت کە بووە هۆی سەرهەڵدانی داعش.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەکانی کوردستان کرد کە بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، لە کۆبوونەوە لەگەڵ هەردوو لایەنی ئەمەریکا و عێراقی داوایان دەکرد کە پێویستە لە پاڵ بوونی پلانی سەربازی، پێویستە پلانێکی هاوبەشی سیاسی و ئیدارییش بۆ پارێزگای نەینەوا لە دوای دەرکردنی داعش هەبێت، بەڵام بەداخەوە ئەو پێشنیازە ڕەچاو نەکرا و لەجیاتی ئەوە بڕیار درا لیژنەیەکی باڵا بۆ هەماهەنگی دروست بکرێت کەچی ئەوەش جێبەجێ نەکرا و ئێستا سەرەتاکانی کێشە دەرکەوتوون.
(سەرۆک بارزانی) ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە بەهۆی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق و بە پشتیوانیی هاوپەیمانانێتیی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ لە کۆتاییەکەی نزیک بووهتەوە و دەسەڵاتی داعش لە مووسڵ کۆتایی دێت، بەڵام ئەوە بە مانای کۆتاییهاتنی داعش و تیرۆر نابێت و ئەگەر ئەو هۆکارانە چارەسەر نەکرێن کە بووە هۆی سەرهەڵدان و بەهێزبوونی داعش، ئەوا دوور نییە تیرۆر بە شێوەی تر و لەژێر ناوی دیکە سەرهەڵبداتەوە، بۆیە دەبێ ڕێگە لەو دۆخە بگیرێت و لە ئیدارەدانی ئەو پارێزگایە ڕەچاوی خواستی پێکهاتەکانی ئەو پارێزگایە بکرێت تا ئەوانیش بە دڵنیایی و پارێزراویی ژیانیان بکەن و ڕێگە بەدووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانە نەدرێت کە بەسەر ئەو خەڵکەدا هات.
هەر لەو دیدارەدا، بڕیاری گەلی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کوردستان لە 25ـی ئەیلوول خرایە بەر باس و (سەرۆك بارزانی) بە وردی ئەو هۆكارانەی ڕوون كردەوە كە هانی گەلی كوردستانی داوە بەرەو ڕیفراندۆم هەنگاو بنێت.
(سەرۆک بارزانی) ئاماژەی بەوە کرد کە ڕیفراندۆم مافێکی شەرعی و سروشتیی خەڵکی کوردستانە و پێویستە هەموو لایەک ڕێز لەو خواست و مافەی خەڵکی کوردستان بگرن و، جەختیشی لەوە كردەوە كە گەلی كوردستان لە ڕێگەی دیالۆگ و بە ئامرازی ئاشتیانە ڕێگەی سەربەخۆیی و مسۆگەركردنی مافەكانی گرتۆتەبەر و، ئەو ڕێگەیەش تاکە زامنی بەربەست دانانە لەبەردەم دووبارەبوونەوەی کێشە و ململانێی خوێناوی.
كۆنسووڵهكانی وڵاتانی عەرەبی، لە کۆبوونەوەکەدا ڕایانگەیاند کە بە وردی گوێیان بۆ سەرنج و ڕوونکردنەوەکانی (سەرۆک بارزانی) گرتووه و هاوسۆزیی خۆیان بۆ خەبات و قوربانیدان و خواستی گەلی کوردستان دەربڕی.
باسکردنی ڕەوشی سیاسیی عێراق و ناوچەکە بەشێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
kdp-
