د.سەباح خۆشناو: پایە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان زۆر گونجاوە بۆ سەربەخۆیی

 	 د.سەباح خۆشناو: پایە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان زۆر گونجاوە بۆ سەربەخۆیی
پسپۆڕێكی ئابووری دەڵێت، پایە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان زۆر گونجاوە بۆ سەربەخۆیی و كورد ڕیفراندۆم ئەنجام دەدات و وەكو كارتێكی زەرد بە ڕووی حكوومەتی عێراقیدا بەرز دەكاتەوە.

هەرێمی كوردستان بڕیارە لە 25ی ئەیلوولدا ڕیفراندۆم ئەنجام بدات. ئەمەش لە كاتێكدایە نەوەد لە سەدی ئابووریی هەرێمی كوردستان بەندە بە هەناردەكردنی نەوت لە ڕێی ئەو لوولە نەوتییەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەگوازێتەوە، كە توانای گواستنەوەی ئەو لوولە نەوتییە لە نێوان 700 بۆ 750 بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدایە. ئەمەش لە خواستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەمترە و حكوومەت لە هەوڵی فراوانكردنی ئەو لوولە نەوتییەدایە بۆ سووككردنی كێشە داراییەكانی و هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی.

بۆ شیكردنەوەی ئەم بابەتە، پرۆفیسۆری یاریدەدەر (د. سەباح خۆشناو)، پسپۆڕی ئابووری و مامۆستای زانكۆ بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''بۆ دروستبوونی دەوڵەت چەند بنەمایەكی سەرەكی هەن، لەوانە بوونی زمان، جوگرافیا، كلتوور، میژوو... بەڵام لە هەمووی گرینگتر بوونی بنەمایەكی ئابووریی بەهێزە. هەرێمی كوردستانیش ئێستا كەوتووەتە سەر نەخشەی وزەی جیهانی، بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەش، دەبینین كۆمپانیا گەورەكانی وڵاتانی زلهێز لە هەرێم كار دەكەن. بوونی ئەو كۆمپانیایانە و كاركردنیان لە هەرێم فاكتەرێكی زۆر گرینگە بۆ سەركەوتووبوونی دەوڵەتی كوردستان و پشتگیریكرانی لە لایەن وڵاتانی زلهێزەوە.''

ئەو پسپۆڕە ئابوورییە ڕوونی كردەوە: ''هەرێمی كوردستان لە داهاتەكەیدا پشت بە نەوت دەبەستێت. ئەگەر ئاماژەكان پۆزەتیڤ بن، بۆ زیاتركردنی داهاتەكەی دەكرێ ئاستی بەرهەمهێنان زیاد بكات و پێشكەوتن لە لوولە نەوتییەكەیدا بكات، كە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەڕوات، بۆ ئەوەی ڕۆژانە ڕێژەیەكی زیاتری نەوت هەناردە بكات. لە لایەكی تریشەوە بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەكرێ هەرێم بكەوێتـەوە سەر ڕێچكە و بە ماوەی ساڵێك یان دووان، قەیرانەكەی چارە بكات. چونكە ئەگەر نرخی نەوت ببێتەوە 100 دۆلار و ئاستی بەرهەمهێنانمان 1 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بێت. ئەوا داهاتی ڕۆژانەی هەرێم دەكاتە (100,000,000) دۆلار. ئەمەش داهاتێكی یەكجار زۆرە و تەكانێك بە ئابووری دەدات. كەوایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەستانەوەی ئابوورییەكەی تەنیا پێویستی بە كات و پەرەپێدانە.''

(د. سەباح خۆشناو) جەختیشی كردەوە: ''پایە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان زۆر گونجاوە بۆ سەربەخۆیی و كورد ڕیفراندۆم ئەنجام دەدات و وەكو كارتێكی زەرد بە ڕووی حكوومەتی عێراقیدا بەرز دەكاتەوە، لە داهاتوودا دەوڵەتەكەیشی هەر ڕادەگەیەنێت.''

لە كۆبوونەوەی 7ی حوزەیرانی نێوان لایەنە بەشدارەكانی حكوومەت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و (سەرۆك بارزانی)، سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا، بڕیار درا لە 25ی ئەیلوولی ئەمساڵدا ڕێفراندۆم لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت.
kdp-
Top